لە سلێمانی دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیردەکرێن


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتی - سلێمانی دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیردەکات و دەست بەسەر بڕێک لە جۆرە جیاوازەکانی مادەی هۆشبەردا دەگرێت.
 
رۆژی یەکشەممە 30-04-2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتی - سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشى راپەڕین لە ئەنجامی کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریی، دواى وەرگرتنى رەزامەندى دادوەرى دادگەى لێکۆڵینەوەى رانیە لە 27-04-2023 دوو تۆمەتباری بە ناوەکانی (ک، م، ق) لە رەگەزى مێ و (ح، م، م) لە رەگەزى نێر دەستگیرکرد. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دەستگیراوە بەسەر بڕی 24،195 گرام لە جۆرە جیاوازەکانی مادەی هۆشبەر کە مەبەستیان بووە بازرگانی پێوە بکەن. 
 
جۆر و بڕی مادە هۆشبەرەکان بەمشێوەیە بووە:
 
- بڕى (18،500) گرام کریستاڵ
- بڕى (4،500) گرام حەشیش
- بڕى (195) گرام جامایکاى گیایی
- بڕى (1000) گرام هێرۆین
 
وەک راگەیێندراوەکە دەڵێت: "تۆمەتباران بە مادەى (26) لە یاساى بەرەنگاربوونەوەى مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکان بەردەوامە."
 
بەپێی ئامارێکی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، لە سێ ساڵ و شەش مانگی رابردوودا دەست بەسەر هەزار و 217 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە و پێنج هەزار و 419 کەسیش دەستگیرکراون.
 
بەگوێرەی بەشی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانیش، ساڵی رابردوو بەپێی مادەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان 408 کەس دەستگیرکراون؛ 80 کەسیان بازرگانی مادەی هۆشبەر بوون و 328 کەسیش بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر بوون؛ 51 کەسیان بیانی و 357 کەسەکەی دیکە سەرجەمیان کورد بوون و لەنێویاندا 32 کەسیان لە رەگەزی مێ و 376 کەسەکەی دیکە لە رەگەزی نێر بوون.