پۆلیس لە ئامەد زەماوەندی کچێکی 15 ساڵ هەڵدەوەشێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان زەماوەندی کچێکی تەمەن 15 ساڵ بەرلەوەی دەستپێبکات، هەڵوەشایەوە، زاواکە و چوار کەسی دیکەش دەستبەسەرکران.
رووداوەکە شەوی شەممە، 29ـی نیسان لە هۆڵێکی ئاهەنگەکان لە ناوچەی سووری ئامەد روویدا.
دوای ئەوەی پۆلیسی ئامەد راپۆرتێکیان پێگەیشت کە لەو هۆڵەدا زەماوەندی گواستنەوەی بووکێکی تەمەن 15 ساڵە بە ناوی (گ. گ.) ئۆپەراسیۆنێکیان کرد و بەر لەوەی زەماوەندەکە دەستپێبکات، پرۆسەکەیان هەڵوەشاندەوە.
باس لەوە دەکرێ، بووکە منداڵەکە و زاواکە بە مەبەستی خۆئامادەکرن بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری چوونە بۆ ئارایشتگە، دواتر بە ئۆتۆمبێل چوونە بۆ هۆڵی زەماوەندەکە. لەکاتێکدا ویستوویانە بچنە نێو هۆڵەکە کە میوانەکانی لێ بووە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەلایەن تیمەکانی پۆلیسەوە راگیراون.
پۆلیس بووکەکەیان بردووەتە ناو ئۆتۆمبێلی تیمەکە و زاواکە و چوار کەسی دیکەشیان دەستبەسەر کردووە.
(گ. گ.) رادەستی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی لقی نەوجەوانان کراوە و رێکاری یاساییش بەرامبەر پێنج کەسە دەستبەسەرکراوەکە گیراوەتەبەر.
بە گوێرەی زانیارییەکان، میوانەکان کە ماوەیەک لە هۆڵی زەماوەندەکەدا ماونەتەوە، دوای دەستگیرکردن زاوا، هۆڵەکەیان بەجێهێشتووە.