لە سنووری خانەقین چەکداری نەناسراو دوو شوان دەڕفێنن


رووداو دیجیتاڵ

لە گووندی مەحموود عەباس سەر بە قەزای خانەقین چەند چەکدارێکی نەناسراو دوو شوان دەڕفێنن، شوانەکان بە بنەچە عەرەبن و تاوەکو ئێستا دیار نییە کە بۆ کوێ براون.
 
ئەمڕۆ هەینی 30-04-2021 لە گووندی مەحموود عەباس دوو شوان دەڕفێنرێن، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هەڵۆ محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، کاژێر 21:40 خولەکی ئەمشەو رووداوەکە روویداوە و گوماندەکرێت چەکداری داعش بووبن، چونکە گووندی مەحموود عەباس دەکەوێتە سەر رووباری سیروان لە نزیک گووندی کوڵەجۆ کە ئەو ناوچەیە ئێستا بووەتە مۆڵگەی چەکدارانی داعش و بەردەوام هێرش دەکەنە سەر هێزە عێراقییەکان.
 
هەروەها لە ناوچەی نەفتخانە هێرشکراوەتە سەر حەشدی شەعبی و سێ چەکداری حەش برینداربوون، ئەوەش پێنجەمجارە لەم هەفتەدا کردەوەی تووندئاژۆیی لەلایەن داعش و چەکدارە نەناسراوەکانەوە دەکرێت.
 
لە رووداوێکی هاوشێوەدا کاژێر 22:14 خولەکی 27-04-2021 چەکداری نەناسراو بە نیشانشکێن هێرشیان کردە سەر گوندی کەریم داود لە سنووری خانەقین و دوو لە دانیشتووانی گوندەکەیان بریندار کرد.
 
چەکدارەکان لە دوورەوە هێرشەکەیان ئەنجامدابوو، بەو هۆیەشەوە هاووڵاتییەک بەناوی "هەیسەم نەجم عەبد بەتی" لەدایکبووی 1995 فیشەکێک بەر دەفەی شانی کەوت و بریندار بوو، کەسێکی دیکەش بەناوی "ئەحمەد نەجم بەتی" لەدایکبووی 1987 فیشەک بەر دەموچاوی کەوت و لە گوێی چەپیەوە دەرچوو.