وەزارەتی پەروەردە: پاش کۆتاییهاتنی خوێندنی ئەمساڵ کار بە یاسای نوێی پەروەردە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان چوار بڕیاری لەبارەی یاسای نوێی وەزارەتەکەوە دەرکرد، یەکێکیان بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی یاساکان و کار بە یاسای نوێ دەکرێت، هەروەها رەشنووسی پلانی ستراتیژیی حەوت ساڵەی وەزارەتەکە ئامادە دەکرێت، لەگەڵ نووسینەوەی رێنمایی نوێ لە چەندین بواری ناو یاساکە کە دەبنە هۆی بەرچاوڕوونیی زیاتر بۆ ناوەندەکانی خوێندن.
رۆژی پێنجشەممە، 30-3-2023، ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە کۆبوونەوەیەکی لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان، ژمارە 13ـی ساڵی 2022، کرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتەکە؛ چوار بڕیار لەو کۆبوونەوە درا کە بریتیین لە:
یەکەم: یاساکان و پەیڕەو و رێنماییەکانی پێشوو لە پاش کۆتاییهاتنی ئەمساڵی خوێندن کاریان پێناکرێت و هەڵوەشاوەن و کار بە یاسای نوێ دەکرێت.
دووەم: بڕیاردرا لەژێر رۆشنایی یاسای نوێی پەروەردە و فێربوون ژمارە 13ـی ساڵی 2022، ئەم هەنگاوانە لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو بنرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ دەستپێکردنی دەوامی ساڵی نوێی خوێندنی 2023- 2024 زەمینەسازیی تەواوکرابێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا نوێیەکە.
1- (دانانی رەشنوسی پلانی ستراتیژیی حەوت ساڵەی وەزارەتی پەروەردە) و پێشکێشکردنی بە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دەرچوواندنی.
2- دانانی رەشنوسی پەیڕەو ( سیستەم - النظام ) لە چەندین بوار، بە نموونە ئەزموونەکان، قوتابخانەکانی بەهرەداران، قوتابخانەکانی تایبەتمەند، پەیکەری وەزارەت و پێشکێشکردنیان بە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دەرچوواندنیان.
3- نووسینەوەی رێنمایی نوێ لە چەندی بواری گرنگی ناو یاساکە کە دەبنە هۆی پێشچاوڕوونیی زیاتر بۆ ناوەندەکانی خوێندن، لیژنەکان بۆ نووسینەوەی رێنماییەکان دیاریکران و کات دیاریکرا بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکانەی بە ئەندامانی ئەنجوومەن سپێردراون، پاشان رێنماییە نوێیەکان لە وەقائیعی کوردستان بڵاودەکرێنەوە، پاش ئەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە پەسەندیان دەکات.
4- ئەو ئەرکانەی پێویستن کە وەزارەت لەبەر رۆشنایی یاسا نوێییەکە کاریان لەسەربکات لە پاش دەوامی ئەمساڵ بۆ ئەوەی ئامادەسازیی بکات بۆ ساڵی نوێی خوێندن، وەک پیادەکردنی مامۆستای پۆل لە بازنەی یەکەمی خوێندن لە جیاتی مامۆستای وانە، رێنمایی فرۆشگەی ناوەندەکانی خوێندن، کردنەوەی خولی شیاندن بۆ بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەر و دیداری گەشە و چەندین ئەرکی دیکە.
سێیەم: لیژنەکانی راسپێردراو لەو کاتانەی بۆیان دیاریکراوە ئەنجامی ئامادەسازییەکانیان پێشکێشی کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە دەکەن کە لە 11ـی 5ـی 2023 ئەنجامدەدرێت .
چوارەم: یاسا نوێیەکەی پەروەردە دەکرێتە کتێبێک و بۆ هەموو ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەنێردرێت کە کوردستان دەکاتە خاوەن سیستمێکی پەروەردەی کوردستانی.
رۆژی 15ـی 11ـی 2022، یاسای پهروهرده و فێركارى به دهنگی 67 ئهندامی پهرلهمان پهسند كرا و لە 176 ماددە پێکدێت.