هۆڵەکانی سینەما لە ئامەد تاوەکو 12ی ئایار ناکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی رێوشوێنەکانی تایبەت بە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئامەدی باکووری کوردستان، بڕیاردرا تاوەکو 12ی ئایاری داهاتوو، هۆڵەکانی سینەما بە داخراوی بمێننەوە.
لە راگەیێندراوەکەی پارێزگاری ئامەددا ئەوە وەبیرهێندراوەتەوە کە پێشتر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڕیاریدابوو هۆڵەکانی سینەما تاوەکو 1ی نیسانی 2021 بە داخراوی بمێننەوە. باس لەوەش کراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە لەپێناو رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای کۆرۆنا، هۆڵەکانی سینەما تاوەکو 12ی ئایار، بە داخراوی دەمێننەوە و هەر کەسێکیش پابەند نەبێت بەو بڕیارەوە، رێوشوێنی یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر.
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی تورکیا، ژمارەی مردووان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتووەتە 31 هەزار و 230 کەس، ژمارەی تووشبووانی تۆمارکراویش بۆ سێ ملیۆن و 240 هەزار و 577 کەس بەرزبووەتەوە، 1998 لەو تووشبووانەش دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.
وەزارەتی تەندروستیی تورکیا 11ی ئاداری 2020 یەکەمین تووشبووی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند و لەو رۆژەوە رێکارە تەندروستییەکان بە شێوازی جیاواز بەردەوامن.