لە بنەسڵاوە ماڵی خێزانێکی هەژار سووتا
رووداو - هەولێر
لە بنەسڵاوەی نزیک هەولێر ماڵی کرێکارێک سووتا و هیچیان بۆ دەرنەچوو. ماڵەکە نۆ کەسن کە حەوتیان منداڵی بچووکن. لەنێو خانوویەکی کرێدان. هێشتا شوێنەواری سووتان و ترس لە روخساری هەموویاندا دیارە.
دلێر کرێکارە و لەگەڵ خێزانەکەیدا دوو ساڵە لەو خانووەدا لە شارۆچکەی بنەسڵاوە لە هەولێر کرێچین. ئەو پێشتر لە پردێ پاسەوان بووە و دوای 16 ئۆکتوبەر ئاوارەی هەولێر بوون.
دلێر سەباح، کرێکارە و ماڵەکەی سووتاوە، لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بژێوی ژیانم بە زۆر پەیدادەکەم. جاری وا هەبووە منداڵەکەم دوو رۆژ بۆ شیر گریاوە؛ نەمبووە بۆی بکڕم و دراوسێکان هاوکارییان کردووم".
چنار تەمەنی تەنیا 36 ساڵە، بەڵام هەر چینێکی روخساری چیرۆکی تاڵی و سەختییەکانی ژیانی دەگێڕێتەوە.
چنار جەواد، هاوژینی دلێرە و دەڵێت، "حەوت منداڵمان هەیە و نفووسیان نییە. هیچ شتێکمان نییە. مێردەکەم کرێکارە. ئەگەر رۆژێک کار نەکات، هیچ نییە بیخۆین. ئێستایش بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە هەر لە ماڵەوەیە و ناچێتە دەرەوە".
پێش هاتنی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، دراوسێیەکانیان بە هانایانەوە چوون و منداڵەکانیان رزگارکردوون.
کەریم ئیسماعیل، دراوسێ ماڵە سووتاوەکەیە و دەڵێت، "هیچیان بۆ دەرنەچوو و هەمووی سووتا. هەر ئەوەی لە بەریاندایە بۆیان دەرچووە. دوێنێ شەو لەنێو ئەو خانووە سووتاوەدا خەوتوون. ".
لەگەڵ خۆپارێزی لە نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەم رووداوە دوو هێندەی دیکە ژیانی ئەم بنەماڵەیەی قورس کردووە.