لە بەشێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتی دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
لە چەندین شاری رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە وەک ناڕەزاییەتییەک لە دژی لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد، مانگرتنی گشتییە و زۆربەی دووکان و بازاڕەکان داخراون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتوون، لە شارەکانی سنە، سەقز، بۆکان، مهاباد، مەریوان، بانە و دێولان مانگرتنی گشتییە. لەو شارانە زۆربەی دووکان و بازاڕەکان داخراون و بەراورد بە رۆژانی رابردوو ژمارەیەکی کەم هاونیشتمانی لە نێو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەبیندرێن.
هەروەها بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی لە شارەکانی بۆکان، مهاباد، کامێران و دێولان چوونەتە ماڵی کەسوکاری ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە لەسێدارەدراوە و بەشداری لە پرسەکەیاندا دەکەن.
چەند هاونیشتمانییەک لە چەند شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، هێزە ئەمنییەکان لە دوێنێ دووشەممەوە پەیوەندی بە دووکاندارانەوە دەکەن و لەبارەی بەشداریکردن لە مانگرتنی گشتیدا هۆشدارییان پێداون.
بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە 29-01-2024 چوار زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی پژمان فاتحی، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و موحسین مەزڵووم کە پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بوون و هاوینی ساڵی 2022 لە ورمێ دەستبەسەرکرابوون، لە گرتووخانەی قزلحەساری کەرەج لەسێدارە دران.
دوای لەسێدارەدانیان، ژمارەیەک حیزب و رێکخراوی مافی مرۆڤیی رۆژهەڵاتی کوردستان داوایان کرد، ئەمڕۆ سێشەممە لە رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتی بەڕێوەبچێت.