دەروازەی حاجی ئۆمەران: هاتووچۆی بازرگانی لە دەروازەکە ئاسایی بووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران رایگەیاند، رێگەکانیان لە بەفر راماڵیوە و ئێستا هاتووچۆی بازرگانی لە دەروازەکە ئاسایی بووەتەوە.
رۆژی یەکشەممە 29ی ئەم مانگە، بەهۆی بەفربارینەوە، ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی بازرگانی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران دروستبوو.
رۆژی دووشەممە 30-1-2023 سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تیمەکانمان بەردەوام کاریان دەکرد بۆ راماڵین و کردنەوەی رێگەکان و لابردنی هەموو ئاستەنگییەکان، ئێستا رێگەکە کراوەتەوە و هیچ گرفتێکمان نییە."
سیروان حوسێن گوتیشی :"ئێستا هاتووچۆی بازرگانی لە دەروازی حاجی ئۆمەران ئاسایی بووەتەوە و ئیش و کاری رۆژانە رادەپەڕێنین."
دوێنێ یەکشەممە گوتەبێژی حاجی ئۆمەران بە رووداوی گوت: "دەبێت شۆفێران زنجیر لە تایەی ئۆتۆمبێلەکانیان ببەستن و بە وریاییەوە شۆفێریی بکەن."
لە شەوی شەممەوە 28ی ئەم مانگە شەپۆلێکی بەفربارین رووی لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە گوند و شارەکان کردووە و لە بەشێک لە پەروەردەکان پشوو راگەیێندرا. بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو کۆتایی هەفتە شەپۆلەکە بەردەوام بێت.