بزووتنەوەی گۆڕان سکاڵا لەسەر مەلا بەختیار تۆمار دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

پارێزەر و ئەندامێکی ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، سبەی سێشەممە سکاڵا لەسەر مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بنکەی پۆلیسی بەختیاری لە سلێمانی تۆمار دەکەن. بزووتنەوەکە مەلا بەختیار بە "ناوزڕاندن و تۆمەت هەڵبەستن" تۆمەتبار دەکات.
 
شەوی دووشەممە 30-1-2023، فەرمان حەسەن، پارێزەری بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی ژووری یاسایی بزووتنەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سبەینێ لە بنکەی پۆلیسی بەختیاری سکاڵا لەسەر مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تۆماردەکەین." 
 
سەبارەت بە هۆکاری تۆمارکردنی سکاڵاکەش، فەرمان حەسەن گوتی: "ئەو بەڕێزە لە تۆمارێکی دەنگیدا گوتبووی، بزووتنەوەی گۆڕان لە گەندەڵی و بردنی داهاتەکان بەشدارە، ناوی مەرزێکیشی هێنابوو." گوتیشی، "بزووتنەوەی گۆڕان لە رێگەی راگەیێندراوی فەرمی و لە رێگەی گوتەبێژی فەرمی بزووتنەوەکەوە مۆڵەتیاندا بۆ ئەوەی قسەکانی بسەلمێنێت، بەڵام نەیکرد، بۆیە لە رێگەی دادگەوە ئەو بابەتە یەکلایی دەکەینەوە."
 
پارێزەرەکەی بزووتنەوەی گۆڕان باس لەوە دەکات، ئەوە یەکەمجار نییە، مەلا بەختیار تۆمەت دەداتە پاڵ بزووتنەوەی گۆڕان و گوتی: "چەند جارێک تۆمەتی ناڕەوای داوەتە پاڵ بزووتنەوەی گۆڕان و کەسایەتیییەکانی، بەڵام بابەتی ئەمجارە دەبێت لە دادگە بیسەلمێنێت."
 
رۆژی 13ـی ئەم مانگە، شەهاب کەریم، پێشمەرگەی کۆن و دانیشتووی ئەڵمانیا تۆمارێکی دەنگیی بڵاوکردەوە و گوتی، "دەنگی مەلا بەختیارە"، تێیدا هێرش دەکاتە سەر ژمارەیەک لە بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تۆمەتی جیایان دەداتە پاڵ، لەنێویاندا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. 
 
لە تۆمارە دەنگییەکەدا کە گوایە دەنگی مەلا بەختیارە دەڵێت: "تەنیا پێرێ شەو 11 ملیۆن دۆلاریان لە باشماخ دەستکەوتووە.. دوێنێ کە کۆبوونەوەکەیان تەوابووە کێشەیان هەبووە، بافڵ و لاهوور و قوباد و کوڕێک بەناوی نەوزاد چوون لە ماڵی بافڵ دانیشتوون و داهاتی گومرگەکە چۆن لەنێو خۆیاندا دابەش بکەن، تۆزێکیشیان داوەتە گۆڕان، رۆژانە 50 سەیارەشیان داوە بە ئەوان بۆ ئەوەی داخڵی بکەن."
 
شەهاب کەریم لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک باسی لە تۆمارە دەنگییە کە هێشتا مەلا بەختیار و هیچ شوێنێکی فەرمی پشتڕاستی نەکردووەتەوە، نووسیویەتی ئەو تۆمارە بۆ مانگی ئەیلوولی ساڵی 2022 دەگەڕێتەوە و داوای کردووە مەلا بەختیار لەسەر ئەو تۆمارە دەنگییە سکاڵای لەسەر تۆمار بکات.