رەزا محەممەد وەکو قایمقامی نوێی سەیدسادق بەوەکالەت دەستبەکار دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ رەزا محەممەد وەکو قایمقامی قەزای سەیدسادق بە وەکالەت لە شوێنی دیاری رەفیق، قایمقامی دەستلەکارکێشاوەی قەزاکە دەستبەکار بوو.
رەزا محەممەد پێشتر بەڕێوەبەری ناحیە بووە و قایمقامی دەربەندیخان، دووکان و پێنجوێنیش بووە.
رۆژی دووشەممە 30-01-2023 رەزا محەممەد وەکو قایمقامی بە وەکالەتی سەیدسادق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە ئەمڕۆوە وەکو قایمقامی نوێی سەیدسادق دەستبەکار بووە.
لەبارەی پلانی کارکردنی بۆ سەیدسادق رەزا محەممەد گوتی، وەکو قۆناخی یەکەم کەموکورتییەکانی ئەم شارە لە هەموو بوارە جیاجیاکان دەستنیشان دەکەن، دواتر پلانیان ئەوەیە کار بکەن و بەدواداچوون بکەن بۆئەوەی بەشێک لەو کەموکورتییانە بەگوێرەی توانا چارەسەر بکەن.
رەزا محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرەڕای ئەوەی لە قۆناخە جیاجیاکان کار بۆ ئەم شارە کراوە، بەڵام لە ئاستی هاونیشتمانییانی سنوورەکە نییە، پلانی ئێمە بەردەوامیدانە بەو کارە باشانەی پێشتر لەم شارە کراوە و ئەوانەش کە نەکراون تەواوی هەوڵ و توانای خۆمان دەخەینەگەڕ بۆئەوەی لە هەموو سێکتەرەکان کار بکەین."
دیاری رەفیق، قایمقامی پێشتری سەیدسادقە ئێستا گواستراوەتەوە بۆ ئەنجوومەنی راژە و دەبێتە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتیی راژە.
رۆژی چوارشەممە 25-01-2023 دیاری رەفیق، قایمقامی قەزای سەیدسادق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی ئەوەی پۆستی نوێم پێدراوە، بۆیە داوای بەخشینم لە پۆستەکەم پێشکێش کرد، پۆستە نوێیەکەشم جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتیی راژەی هەرێمی کوردستان دەبێت، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەستبەکاربم."
دیاری رەفیق، ماوەی زیاتر لە هەشت ساڵە قایمقامی قەزای سەیدسادقە، رۆژی 24-01-2023 بە نووسراوێکی فەرمی بە ناونیشانی (بەخشین) کە بۆ پارێزگاری سلێمانی ناردووە؛ داوایکردووە لە پۆستەکەی ببەخشرێت، بەهۆی ئەوەی فەرمانی هەرێمایەتی و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە بە مەبەستی گواستنەوەی راژەکەی بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران / ئەنجوومەنی گشتیی راژەی هەرێمی کوردستان.