فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنایان گرتووەتەبەر
رووداو - هەولێر
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رێوشوێنی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە هەواڵی گەرمی ئەم رۆژانەیە و ترسی بڵاوبوونەوەی لە هەرێمی کوردستانیش لە دڵی هاونیشتمانیان نیشتووە.
پشکنینەکان بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ئەو گەشتیارانەی کە خەڵکی چینن یاخود سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە دەستیپێکردووە، هەردوو وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و تەندروستیی هەرێمی کوردستان هاوکارن بۆ کۆنترۆڵی تەندروستی گەشتیاران لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان.
هەست کەریم، بەڕێوەبەری تەندروستیی فڕۆکەخانەی هەولێر رایگەیاند، هەموو ئەو پێداویستییانەی بۆ پشکنین لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان هەیە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریش دابینکراون.
فرۆکەخانەی سلێمانی بەهۆی ئەوەیکە دەروازەیەکی گرنگە بەرەو ئەو هێڵانەی کە هاتوچووی چینیان تێدا دەکرێت رێوشوێنەکان گیراونەوە بەر بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکان.
رەنج ئەنوەر، بەڕێوەبەری تەندروستیی فڕۆکەخانەی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، سەرجەم ئامادەکارییەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە کردووە و پێداویستییەکانیان بۆ دابینکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و عێراق تۆمارنەکراوە، بەڵام هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە هۆشیاریی تەندروستییان بڵاوکردووەتەوە.
محەممەد خۆشناو، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەستیان بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی کردووە و لە وڵاتانی دراوسێی عێراق و هەرێمی کوردستانیش هیچ حاڵەتێک تۆمارنەکراوە.
ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رۆژی 31ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2019 لە چین دەنگۆی بڵاوبوونەوەی دروستبوو، تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە حەوت هەزار و 821 کەس لە 23 وڵات توشبوون و 170 کەسیش لە چین بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. ژمارەکانیش بەهۆی خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەردەوام لە هەڵکشاندایە.