لە دەریای سوور قرش گەشتیارێکی کوشت


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ژینگەی میسر دەڵێت، لە کەناری دەریای سووری وڵاتەکە قرش هێرشی کردووەتەسەر دوو گەشتیار، یەکێکیانی کوشتووە و ئەوی دیکەش بریندارە.

رووداوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە، 29-12-2024، روویداوە. تاوەکو ئێستا حکومەتی میسر ناسنامەی دوو گەشتیارەکەی بڵاونەکردووەتەوە.
 
بەگوێرەی وەزارەتی ژینگەی میسر، دوای هێرشەکە هەردوو گەشتیارەکە گوازراونەتەوە نەخۆشخانەی بەندەر غالب کە 50 کیلۆمەتر لە باکووری مەرسا عەلەم دوورە.
 
دوای رووداوەکە، بەرپرسانی ناوچەکە بڕیاریاندا بۆ ماوەی دوو رۆژ مەلەوانی قەدەخە بکەن و راشیانگەیاند: "رووداوەکە لە دەرەوەی ناوچەی رێگەپێدراوی مەلەوانی و لە ئاوی قووڵدا روویداوە."
 
دەریای سوور ناوچەیەکی گەشتیارییە و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر بۆ چوونە قووڵایی ئاوەکە سەردانی دەکەن. دەریای سوور لە هەمان کاتدا، سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووریی میسرە کە 107 ملیۆن کەسی لێدەژی و بە قەیرانێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت.
 
مانگی پێشوو، نزیکەی 30 گەشتیار بە بەلەمێک لە مەرسا عەلەمەوە چوونە دەریای سوور، بۆ ئەوەی مەلەوانی بکەن و بچنە قووڵایی ئاوەکە؛ شەپۆلێکی بەهێز لە بەلەمەکەی دا و چوار گەشتیار گیانیان لەدەستدا.
 
هێرشی کوشندەی قرشەکان رووداوێکی نامۆ نییە لە دەریای سووری میسر، لە حوزەیرانی 2023 قرشێک هێرشی کردە سەر گەشتیارێکی رووسی و کوشتی.