بەڕێوەبەری ناحیەی ئاخجەلەر: گوند هەیە بەهۆی بۆردوومانەوە بە تەواوی چۆڵکراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی ئاخجەلەر رایگەیاند، لەماوەی دوو رۆژدا شەش جار دوو گوند لە سنووری ناحیەکەیان بۆردوومان کراون، دەشڵێت هەندێک لە گوندەکانی سنوورەکە بەهۆی بۆردوومانەوە چۆڵکراون.
رۆژی هەینی، 29-12-2023، هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاخجەلەری سنووری قەزای چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، چوارشەممە پێنج جار سنووری گوندی تووتەقەڵ و دوێنێ یەکجار چنارتوو بۆردوومان کراوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی ئاخجەلەر دەشڵێت: "گوند هەیە بەهۆی بۆردوومانەوە بەتەواوی چۆڵکراوە، بە نموونە گوندی تووتەقەڵ بەتەواوی چۆڵکراوە و تەنیا یەک کەس لەوێ ماوە چونکە لە ساڵی 2021 لە بۆردوومانێکدا دوو کەس لەو گوندە شەهید بوون یەکێکیان ئەنجوومەنی گوندەکە و ئەوی دیکە خەزووری بوو بەهۆیەوە کەسوکاریان گوندەکەیان چۆڵکرد."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، پەکەکە لە هەریەک لە گوندەکانی تووتەقەڵ و چنارۆک لە سنووری ناحیەی ئاخجەلەر بارەگای هەیە. هێمن بەهجەت دەڵێت: "ئەگەر هەر کەسێک لە گەریلا گیانی لەدەستدابێت ئەوە زانیاریمان بەدەست ناگات و هیچ بڵاوناکەونەوە و ناهێڵن نزیکی بارەگاکانیان ببینەوە، بەڵام وەکو خەڵکی مەدەنی هیچ گیانلەدەستدان و بریندارێکمان نەبووە."
دوایین جار مانگی هەشتی ئەم ساڵ گوندی چنارتوو بۆردومانکرا و بەهۆیەوە دوو گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستدا و یەکێکیشیان بریندار بوو.