وەزارەتی کشتوکاڵ: بەرهەمی هێلکە دوو هێندەی پێویستیی ناوخۆیە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژانە 14 هەزار کارتۆن هێلکە بەرهەم دەهێنن لە کاتێکدا پێداویستیی ناوخۆیی رۆژانە 7000 کارتۆنە و 7000 دیکەش هەناردە دەکەن، بەشێکی زۆری ئەو هێلکەیەش هەناردەی شارەکانی عێراق دەکرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 29-12-2022، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ساڵی 2019وە هاوردەکردنی هێلکە قەدەخە کراوە، چونکە بەراورد بە رابردوو بەرهەمهێنانی هێلکە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە، ئێستا رۆژانە 14 هەزار کارتۆن هێلکە بەرهەممان هەیە، لە کاتێکدا پێداویستی ناوخۆ لە رۆژێکدا 7000 کارتۆنە و 7000 کارتۆنی دیکەش هەناردە دەکرێت کە زۆربەی بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەچێت."
 
لە هەرێمی کوردستان 33 پرۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە هەن، 15 پرۆژە لە سنووری پارێزگای هەولێرن، 11 پرۆژە لە سلێمانی، پێنج پرۆژە لە دهۆک و دوو پرۆژەش لە گەرمیانن.
 
لەبارەی هاوردەکردنی هێلکە بە قاچاخ، فیراس سدیق گوتی، "پێشتر کە پێداویستیی ناوخۆ زۆر نەبوو، کوالێتی وەکو ئێستا باش نەبوو، بە شێوەیەکی زۆر هێلکە هاوردە دەکرا، بەڵام کە پرۆژەکانی خۆمان گەیشتنە ئەو ئاستەی بەرهەمهێنان زیاد بکەن و کوالێتیی بەرزتر بکەنەوە، هاوردەکردنی هێلکە بە شێوەی قاچاخ زۆر کەمیکرد."
 
لەبارەی نرخی هێلکەش، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گوتی، "پێشتر ئەو بەرهەمانەی هاوردە دەکران، نرخیان هەرزان بوو، بەڵام ئێستا ئەوەش گران بووە، چونکە غاز، نەوت و عەلەف گران بووە، بۆیە ئەو نرخەش وەکو پێشتر نەماوەتەوە، ئێستا کارتۆنێک هێلکە بە نزیکەی 60 هەزار دینارە."