هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی ئەندامانی کۆنگرەی یەکێتیی مامۆستایان دواخرا

رووداو دیجیتاڵ 

13 ساڵە کۆنگرەی یەکێتیی مامۆستایان نەکراوە، بڕیاربوو شەممەی داهاتوو ئەندامانی کۆنگرەکە هەڵبژێردرێت، بەڵام بە گوتەی سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان لەسەر داوای لایەنێکی سیاسی هەڵبژاردنەکە دواخرا و دەڵێت،"لە کاتی دیاریکراو شکستمان هێنا."
 
رۆژی شەممە، 03-12-2023، بڕیاربوو یەکێتیی مامۆستایان هەڵبژاردن بۆ ئەندامانی کۆنگرەی رێکخراوەکە بکات، بەڵام دواخرا. 
 
رۆژی چوارشەممە، 29-11-2023، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی ئەندامانی کۆنگرەی یەکێتییەکە دواخراوە و رۆژی 3ـی مانگی داهاتوو بەرێوەناچێت."
 
یەکێتیی مامۆستایان 13 ساڵە کۆنگرەی نەکردووە، لە کاتێکدا بەپێی پەیڕەوەکەی، دەبێت چوار ساڵ جارێک کۆنگرە بکات. ئەحمەد گەرمیانی دەڵێت، "بەبێ ناوهێنانی هیچ لایەنێک، دەڵێم هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە لەسەر داوای لایەنێکی سیاسی دواخراوە و هەموو ئەندامان کۆک نین لەسەر بەڕێوەنەچوونی. لەگەڵ ئەوەبووم لەو کاتەی دیاریکراوە هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت."
 
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، دیار نییە کەی هەڵبژاردن و کۆنگرە دەکەن و دەڵێت، "دواخستنی هەڵبژاردن بە بیانووی ئەو بارودۆخە بوو کە لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەیە و پەیوەندی بە بایکۆتی مامۆستایانەوە هەیە و ئامادەکارییەکانیش تەواونەبوو، بۆیە دیار نییە کەی بەڕێوەدەچێت و شکستمان هێنا کە لە کاتی خۆی هەڵبژاردن بکەین". 
 
سەرۆکی یەکێتییەکە لە پشکی پارتییە و جێگرەکەشی یەکێتییە، هەروەها ئەندامانی سکرتارییەت لە چوار پارتی، چوار یەکێتی، دوو گۆڕان، یەک یەکگرتوو، یەک کۆمەڵ، یەک تورکمان و یەک ئەندامی کریستیان پێکدێت.
 
ئەحمەد گەرمیانی دەڵێت، "لایەنە سیاسییەکان لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی کاتێکی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە دیاری بکرێت."
 
یەکێتیی مامۆستایان لە ساڵی 1962 یەکەم کۆنگرەی بەست و ئێستا خاوەنی 81 هەزار ئەندامە و تاوەکو ئێستا 12 کۆنگرەی کردووە. عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دواخستنی هەڵبژاردن بەهۆی بارودۆخی ئێستای سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینە کە مامۆستایان بایکۆتیان کردووە، واتا کێشەکە زیاتر بارودۆخی خراپ و تەکنیکی بوون وایکرد دوابخرێت.