شەش بەندکراوی کورد لە ئێران لەسێدارەدران

رووداو دیجیتاڵ 

شەش بەندکراوی کورد لە گرتووخانەکانی ئیلام و کەرەج کە بە تۆمەتی جیاواز دەستگیرکرابوون و لە لایەن دەسەڵاتی دادی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرابوو، لەسێدارەدران. چوار کەسیان خەڵکی پارێزگای ئیلام و دوو کەسەکەی دیکەیان خەڵکی شاری مهاباد لە پارێزگای ورمێ و شاری کۆهدەشت لە پارێزگای لوڕستانن.
 
بە پێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمرۆ چوارشەممە، 29-11-2023، ئەیووب کەریمی، هاونیشتمانیی خەڵکی شاری مهاباد دوای 14 ساڵ زیندانیکردن، لە زیندانی قزڵ حیساری شاری کەرەجی ئێران لەسێدارەدرا.
 
ئەو هاونیشتمانییە لە 07-12-2009، لەگەڵ شەش هاونیشتمانیی دیکە بە ناوەکانی قاسم ئابستە، داود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، خەسرەو بەشارەت و کامەران شێخە لەسەر دۆسیەی کوژرانی عەبدولڕەحیم تینا، مەلای مزگەوتێکی مهاباد دەستگیر کران. ئەو هاونیشتمانیانە لە کۆتاییەکانی ئاداری 2016 دادگایی کران و لە 25-05-2016 بە فەرمی پێیان راگەیێندرا کە سزای سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
 
هەروەها دوو هاونیشتمانیی دیکە بە ناوەکانی ئیقبال فەتحوڵڵاهی خەڵکی ئیلام و موحسین ئەمرایی خەڵکی شارۆچکەی گەڕاوەندی سەر بە شاری کۆهدەشت لە پارێزگای لوڕستان، رۆژی سێشەممە لە گرتووخانەی قزڵ حیساری شاری کەرەج لە سێدارەدراون.
 
هەردوو زیندانییەکە پێنج ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیر کرابوون.
 
بە پێی زانیارییە خۆجێییەکان، دوێنێ سێشەممە لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانیش سزای لەسێدارەدان بەسەر سێ بەندکراوی کورد بە ناوەکانی شەهرام محەممەدبەیگی، عەلی ئاغامحەممەدی و ناسر مەقسوودی جێبەجێ کرا.
 
هەر سێ بەندکراوەکە خەڵکی پارێزگای ئیلامن و بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستگیرکرابوون. شەهرام محەممەدبەیگی تەمەن 38 ساڵ و خەڵکی شاری ئیلام، عەلی ئاغامحەممەدی تەمەن 47 ساڵ و خەڵکی شاری مەلەکشایی و ناسر مەقسوودی خەڵکی دەڕەشار بوون.