سووڕانەوەی فڕۆکە لە ئاسمانی هەولێر "پەیوەندی بە هاتنی وەزیری بەرگریی هۆڵەنداوە هەیە"


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ئەو فڕۆکەی ئەمڕۆ لە ئاسمانی هەولێر دەسوورێتەوە پەیوەندی بە هاتنی وەزیری بەرگریی هۆڵەنداوە هەیە.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئەمڕۆ سێشەممە 29-11-2022، تۆڕی میدیایی رووداو لە وەزارەتی پێشمەرگە وەریگرتووە، ئەو فڕۆکەی لە ئاسمانی هەولێر دەسووڕێتەوە، فڕۆکەی جەنگییە و پەیوەندی بە هاتنی کایسا ئۆلۆنگریەن، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا و هاتنی دوو جەنەڕاڵە بۆ هەرێمی کوردستان. 
 
ئەمڕۆ لە هەولێر مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کایسا ئۆلۆنگریەن، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا کۆبووەوە. 
 
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان "هەردوولا وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرش و پەلامارەکانی سەر هەرێمی کوردستان، جەختیان لە پێویستیی رێزگرتن و پاراستنی سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووەتەوە."
 
ئەو فڕۆکە جەنگییە، کە بەپێی زانیاریی وەزارەتی پێشمەرگە لە جۆری ئێف-16 بووە، ئەمڕۆ بۆ ماوەیەکی زۆر بە ئاسمانی هەولێردا سووڕایەوە و ترس و دڵەڕاوکێی لەلای بەشێك لە هاونیشتمانییان دروستکردبوو، هەندێک لە هاونیشتمانییان ڤیدیۆی فڕۆکەکەیان تۆمار کردووە و بۆ رووداویان ناردووە.