قایمقامی چەمچەماڵ: لە تەقەکردنەکەی ئەمڕۆ سێ کەس برینداربوون

 

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی تەندروستیی چەمچەماڵ دەڵێت، "لە ئەنجامی شەڕی ئەم ئێوارەی نێوان چەند کەسێک، سێ بریندار گەیێندراونەتە نەخۆشخانە." قایمقامی چەمچەماڵیش دەڵێت، "ئەو سێ کەسەی برینداربوونە بە کەفالەت ئازادکراون و دووی دیکە لە تۆمەتباران راگیراون."
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2023، رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج کەس لەگەڵ پۆلیسێک دەبێتە دەمەقاڵەیان کە کێشەیەکی کۆمەڵایەتییان هەبووە، کەسی شەشەم کە پۆلیس بووە بۆ چارەکردنی کێشەکە، چووەتە بنکەی پۆلیس، ئەو پێنج کەسەش بە دوای کەوتوون و لە پێش بنکە بووەتە دەمەقاڵەیان."
 
بە گوتەی قایمقامی چەمچەماڵ، "دوای ئەوەی لە پێش بنکەی پۆلیس دەبێتە دەمەقاڵە، بۆ بڵاوەکردنەوە و کۆتاییهاتنی شەڕەکە، کەسی شەشەم کە پۆلیسە تەقەی کردووە و بەهۆیەوە سێ کەس لە لایەنی بەرامبەر بریندار بوونە و بۆ چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانە کراون."
 
شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سێ کەس بە بریندار هێنرانە نەخۆشخانە، بەڵام برینەکەیان سووک بوو، دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی نێردراونەتە ماڵەوە."
 
قایمقامی چەمچەماڵیش دەڵێت، "ئەو پێنج کەسە هەموویان بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە، بەڵام سێیان کە بریندارن، بە کەفالەت ئازادکراون  و دووەکەی دیکە راگیراون".