دوو کەس بە تۆمەتی کوشتنی کارمەندێکی ئاسایشی بەردەڕەش دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئاکرێ رایگەیاند، دوو کەس بە تۆمەتی "شەهیدکردنی" کارمەندەکەی ئاسایشی قەزای بەردەڕەش دەستگیرکران. 
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، 28-10-2023 تەرمی پیاوێک بە ناوی ئەرکان خەیرەدین، تەمەن 35 ساڵ، کە کارمەندی ئاسایشی بەردەڕەش بووە لەنێو ماڵەکەیدا دۆزرایەوە. رۆژی یەکشەممە، 29-10-2023 راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئاکرێ لەبارەی رووداوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، "رۆژی شەممە کاژێر 2:20 خولەکی ئێوارە تەرمی کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی قەزای بەردەڕەش لە نێو ماڵی خۆیدا دۆزرایەوە کە بەشێوەیەکی دڕندانە شەهیدکرابوو."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی نێوان ئاسایشی ئاکرێ و نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی قەزای بەردەڕەش دەستپێکرد و دەڵێت، "دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (م. خ. خ) و (هـ. ر. ق) دەستگیرکران کە دانیان بە تاوانەکانیان ناوە و بەگوێرەی مادەی 406 بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی قەزای بەردەڕەش راگیراون."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەرکان خەیرەدین رۆژی هەینی هەر سێ منداڵەکەی کە تەمەنیان لە نێوان سێ بۆ پێنج ساڵان بووە لەگەڵ خێزانەکەی بردووەتە ماڵی باوکی و دواتر خۆی گەڕاوەتەوە ماڵەوە، تاوەکو رۆژی شەممە کەسوکاری دەچنە ماڵ و دەبینن کوژراوە و کەلوپەلی ماڵەکەی شێوێندراوە.