وانەبێژان و مامۆستایانی میلاک لە سنووری 13 پەروەردە خۆپێشاندان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە کاژێر 10:00ی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، مامۆستایانی میلاک و وانەبێژ لە سنووری 13 پەروەردە خۆپێشاندان بکەن. نوێنەرێکی وانەبێژان دەڵێت، "تائێستا هیچ لایەنێک وەڵامی داواکارییەکانمانی نەداوەتەوە." نوێنەرێکی مامۆستایانی میلاکیش داوا لە حکومەت دەکات وەڵامی داواکانیان بداتەوە.
کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "بڕیارە کاژێر 10:00ی بەیانیی ئەمڕۆ لە سنووری 13 پەروەردە، مامۆستایانی میلاک و وانەبێژ لەبەردەم پەروەردەکان گردببنەوە."
بە گوتەی کارۆخ عەبدوڵڵا، دەستەی ناڕازیی مامۆستایانی میلاک نیازیان نەبوو یەکشەممە خۆپێشاندان بکەن، بەڵام پەیوەندییان پێوەکردوون و گوتوویانە ئەوانیش یەکشەممە لەگەڵیان دەبن. دەڵێت، "لە سنووری سلێمانی لە چەند قوتابخانەیەک دەوام دەستیپێکردووە، بەڵام کە زانییان مووچەی مانگی هەشتیش دواکەوتووە، ئەوانیش بایکۆتیان راگەیاند."
سادق هەڵەدنی، نوێنەرێکی مامۆستایانی میلاک لەبارەی گردبوونەوەکەیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ لە 13 پەروەردە خۆپێشاندان دەکەین، تائێستا هیچ کەسێک وەڵامی خواست و داواکارییەکانی خۆپێشاندەرانی مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژانی نەداوەتەوە، بۆیە خۆپێشاندانەکە بۆ جەختکردنەوەیە لە داواکارییەکانمان."
بە گوتەی ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی میلاک، بەشێک لە قوتابخانەکانی سلێمانی دەوامیان تێدا دەکرێت و لە بەشێکیش بایکۆت بەردەوامە. سادق هەڵەدنی دەڵێت، "داواکارییەکانمان داواکاریی ساڵانی رابردوون، کە تائێستا دەسەڵات نایەوێت بۆ چارەسەرکردنی، هەنگاوی جیددی بنێت. ئێمەش سوورین لەسەر داواکارییەکانمان و پێویستە وەڵام بدرێینەوە؛ ئەگەر حکومەت پەرۆشی پەروەردە بێت دەبێت وەڵامان بداتەوە."
لەبارەی داواکاریی وانەبێژان، مامۆستا و فەرمانبەرانی میلاک سادق هەڵەدنی دەڵێت، "پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران کە هەقی خۆمانە و لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، وەکو مووچە نییە لە دەستی ئەوان بێت، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان کە خۆی دەبینێتەوە لە 14 مووچەی تەواو، کە ئەوانەش لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندان."
دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 لە پارێزگاکانی عێراق تەواو بووە و تاوەکو ئێستا مووچەی مانگەکانی هەشت، نۆ و 10 لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە. ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی میلاک دەڵێت، "پێویستە ئەو کێشەیە چارەسەری ریشەیی بۆ بدۆزرێتەوە و 30 رۆژ جارێک بە داهاتی ناوخۆ مووچە دابەش بکەن، ئەگەریش زۆر بەپەرۆشن ئەوە ئێمە هەندێک حیزبی دەسەڵاتدارمان هەیە کە خاوەن پارەیەکی زۆرن، دەبێت لەکاتی قەیران خەمخۆر بن و پارەکانیان لە بانک بهێننەوە بۆ خزمەتی هاووڵاتییان و میللەتەکانیان."
رۆژی یەکشەممە لەم پەروەردانە خۆپێشاندان دەکرێت:
سلێمانی: کاژێر 10:00 بەردەم پەروەردەی رۆژئاوا
هەڵەبجە: کاژێر 10:00 فولکەی عومەری خاوەر
کەلار: کاژێر 10:00 بەردەم قوتابخانەی لەیلا قاسم
رانیە: کاژێر 10:00 بەردەم پەروەردەی رانیە
کۆیە: کاژێر 10:00 بەردەم پەروەردەی کۆیە
شارەزوور: کاژێر 10:00 بەردەم پەروەردەی شارەزوور
سەیدسادق: کاژێر 10:00 بەردەم پەروەردە
چەمچەماڵ: کاژێر 10:00 بەردەم پەروەردە
کفری: کاژێر 10:00 بەردەم قوتابخانەی مستەفا نەریمان
قەڵادزێ: کاژێر 10 ناو پارکی شار
پێنجوێن: کاژێر 10:00 بەردەم پەروەردە
دەربەندیخان: کاژێر 10:00 بەردەم پەروەردە
دووکان: کاژێر 10:00 بەردەم پەروەردە
13ی مانگی رابردوو خوێندن لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و کۆیە قوتابخانەکان نەکرانەوە و تاوەکو ئەمڕۆش لە هەندێک شوێن بایکۆت بەردەوامە.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی، کە دەکاتە نزیکەی 40%ی کۆی قوتابیان، دەوامیان نەکردووە.