باڵیۆز و کۆنسوڵی وڵاتان هەناری هەڵەبجە لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە وڵاتەکانیان

 
رووداو دیجیتاڵ
 
هەندێک لەو باڵیۆز و کۆنسوڵانەی ئەرکەکەیان تەواو دەبێت، یان بە سەردان دەگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، هەناری کوردستان بە تایبەتیش هەناری هەڵەبجە، لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە.
 
شەممەی رابردوو ئۆلیڤەر دیکۆتینگنیس، کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر سەردانی فێستیڤالی هەناری کرد لە هەڵەبجە و لەوێ هەنارێکی زۆری کڕی، دوای گەڕانەوەی بۆ پاریس وێنەی جانتایەکی پڕ لە هەناری بڵاوکردەوە و نووسیی: "پاریس - گەڕانەوە لە هەڵەبجە".
 
لە دوای ئەو، ئۆلریک شانۆن، باڵیۆزی پێشووی کەنەدا لە عێراق سەردانی هەولێری کرد و ئەویش تویتێکی سەبارەت بە مانەوەی لە کوردستان کرد و نووسیی: ''کۆتایی شەش رۆژی خۆش لە هەولێر، ماڵئاوا خۆشەویستان، رێگەی نوێ بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ کەسی دوای خۆم دروستدەکەم''.
هەروەها  نووسیبووی: ''هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم، لە هەر شوێنێک بم، کار بۆ سەرکەوتنتان دەکەم''.
 
باڵیۆزی پێشووی کەنەدا لە عێراق کۆتایی بە کارەکانی هێنا و گەڕایەوە بۆ وڵاتەکەی، لەگەڵ توویتەکەیدا چەند وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە، کە یەكێکیان جانتایەکە چەند کیلۆ هەنارێکی کوردستانی تێدایە.
 
دوایین گفتوگۆ و لێدوانی ئۆلریک شانۆن، باڵیۆزی پێشووی کەنەدا لە عێراق، لە دیداری مێری بوو، کە رۆژانی 26-27/102021 لە هەولێر بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەچوو.