لە هەولێر پۆستەری حیزبێک بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا دەکەوێت و زیانی 4000 دۆلاری لێدەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەولێر پۆستەری بانگەشەی حیزبێک بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا کەوت، برای خاوەن ئۆتۆمبێلەکەش دەڵێت، "زیانی 4000 بۆ 5000 دۆلاری لێداوین و سکاڵا تۆمار دەکەین."
 
لە شەقامى 100 مەتریی هەولێر، پۆستەری بانگەشەی حیزبێک دەکەوێت بەسەر ئۆتۆمبێلی هاونیشتمانییەکدا. دیار محەممەد، کە خۆی پیشەی فیتەرییە و برای خاوەن ئۆتۆمبێلەکەیە، ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی ئەیلوولی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاژێر 09:00ی بەیانیی ئەمڕۆ، ئۆتۆمبێلی براکەم کە لە جۆری تۆیۆتا کۆرۆلای مۆدێل 2024ە، لە کاتى سووڕانەوە لەسەر شەقامی 100 مەتری لە نزیک نەخۆشخانەی فریاکەوتنى رۆژئاوا، پۆستەرێکی بانگەشە کە لەنێوان هەردوو شەقامەکە دانرابوو، کەوت بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا و زیانێکی زۆری پێگەیاند."
 
گوتیشی، "زیانی ئۆتۆمبێلەکەمان نزیکەی 40 بۆ 50 وەرەقەیە، حیزبی خاوەن پۆستەرەکەمان ئاگادار کردووەتەوە، پێیان گوتین لیژنەیەک دەنێرین بۆ بەدواداچوونی رووداوەکە."
 
دیار محەممەد لەکاتی لێدوانەکەی بۆ رووداو گوتی، "کەمێک لەمەوبەر کۆمیسیۆنمان ئاگادار کردەوە و گوتیان بڕۆن سکاڵا بکەن، ئێستا براکەم لە دادگەیە و خەریکی سکاڵا تۆمارکردنە لەسەر ئەو حیزبە."
 
هاوکات مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو هاونیشتمانییانە هاتوونەتە لامان و لە رووداوەکە ئاگاداری کردینەوە، بەڵام هێشتا بەڵگەی پێویستی لەبەردەستدا نییە کە ئەوە بسەلمێنێت ئاخۆ رەشەبا هۆکار بووە یان پۆستەرەکە خۆی کەوتووە بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا."
 
مەروان محەممەد دەشڵێت، "دوای لێکۆڵینەوەکان و لە ئەگەری یەکلایی بوونەوەی دۆسیەکە لە بەرژەوەندی هاونیشتمانییەکە، ئەو حیزبە بە پێبژاردن سزا دەدرێت و ناچاریش دەکرێت کە زیانی ئۆتۆمبێلەکە قەرەبوو بکاتەوە."
 
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژمارەی سەرپێچییەکانی بانگەشە تاوەکو ئەمڕۆ گەیشتووەتە 15 سەرپێچی، کە زۆربەیان لەلایەن حیزبەکانەوە کراون."
 
گوتیشی، "ئێمە، وەکو کۆمیسیۆن و شارەوانییەکان، رێنماییەکانمان وابووە؛ هیچ پۆستەرێک لەنێوان شەقامەکان و لەنێو باخچەکان دانەنرێن و بە ستوونەکانی کارەباوە هەڵنەواسرێن، بەڵام دەبینین زۆربەی هەرە زۆری ئەو پۆستەرانە لەو سێ شوێنە قەدەخەکراوە هەڵواسراون یان دانراون."
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە یەکی ساڵی 1992ـی پەرلەمانی کوردستان ژمارەیەک شێوازی سەرپێچی بانگەشە و جۆری سزای دیاریکردووە، لەوانە:
 
- بەکارهێنانی باڵەخانە حکومییەکان بۆ هەڵواسینی پۆستەر قەدەخەیە.
 
- بەپێی رێنوێنییەکانی وەزارەتی شارەوانی رێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی، نێوان شەقامەکان و نێو پاركە گشتییەكان.
 
- رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان لەسەر هێمای هاتووچۆ و تابلۆ رێنیشاندەرەكان، یان هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەكانی ئۆتۆمبێل.
 
سزاکانیش بەگوێرەی سەرپێچییەکان بەم شێوەیە دەبن؛ پێبژاردن کە بەربژێر و حیزب بە پارە سزا دەدرێن؛ دەستگیرکردن هەیە لە مانگێک تاوەکو ساڵێک؛ ئەگەر سەرپێچییەکەش گەورە بێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەتوانێت بەربژێری سەرپێچیکار دووربخاتەوە.