کچێکی گەنجی بیرکۆڵ لە شەقامەکانی دهۆک دەمێنێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

رازیە عەبدولواحید، کچێکی بیرکۆڵی تەمەن 32 ساڵە، شەو و رۆژ لە شەقام و کۆڵانەکانی بازاڕی دهۆک دەمێنێتەوە. براکەی دەڵێت، خۆی ماڵ جێدەهێڵێت. نەخۆشخانەی دەروونی دهۆک دەڵێت، "چارەسەریی هەیە و تەندروستیی زۆرباش دەبێ." چاودێریی کۆمەڵایەتیی دهۆک دابینکردنی شێڵتەرێک بۆ ئەو جۆرە نەخۆشانە بە "ئەرکی تەندروستی" دەزانێت.
 
رازیە لەبەردەم دووکانەکانی بازاڕی دهۆک دەخوات و دەخەوێت. مەناف عەبدولواحید، دووکاندارێکی بازاڕەکە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "بەیانیان دەچینە دووکان لەوێیە، شەو دەڕۆین هەر لەوێیە. کەس ناتوانێ قسەی لەگەڵ بکات قسەی نەشیاو دەڵێت."
 
دایکی رازیە کۆچی دوایی کردووە و باوکی ژنی هێناوەتەوە و سێ برای هەیە. جەوهەر عەبدولواحید، یەکێک لە براکانی رازیە لە بەرپرسیار گوتی: "چەندینجار هێناومەتەوە ماڵ، خۆی دەڕوات، بە زنجیر دەیبەستمەوە لە ماڵ، هەر رادەکات. حەزناکات لە شوێنێک بمێنێتەوە. چەندین شوێنم پێی کردووە بۆ چارەسەر سوودی نەبووە."
 
ئەو کچە ماوەی شەش مانگ لەلایەن چاودێریی کۆمەڵایەتیی دهۆکەوە چاودێریی کراوە و لە خانەی بەساڵاچووان و شێڵتەری ئافرەتان جێگەی بۆ کراوەتەوە، بەڵام "هەڵاتووە".
 
خەلیل میکائیل، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی دهۆک، لە بەرپرسیار گوتی: "رازیە بیرکۆڵە. چاودێریی تەندروستیمان کرد و لەگەڵ براکەی دانیشتم، پێی گوتم، ناتوانم خزمەت و چارەسەری بکەم. دەبێ وەزارەتی تەندروستی شێڵتەرێکی تایبەت بۆ ئەو کەسانە دابینبکات."
 
پێشتریش  تۆڕی میدیایی رووداو دۆخی رازیە عەبدولواحیدی لە ڤیتییەک خستووەتەڕوو کە لە 14-06-2024 بڵاوکراوەتەوە. بەڵام دوو مانگ و نیو تێپەڕی تەنیا جیاوازییەک کە دروستبووە ئەوەیە رازیە خواردن و خواردنەوەی لە کۆڵانەکانی کۆمەڵگەی دۆمیزەوە گواستووەتەوە ناو بازاڕی دهۆک.
 
نەخۆشخانەی دەروونیی دهۆک ئامادەیە چارەی رازیە بکات. دکتۆر عەدنان ئەسعەد، پسپۆڕی نەخۆشیی دەروونی و سەرۆکی بەشی دەروونی لە نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆک، لە بەرپرسیار گوتی: "بەسەردانێکی بچووک و هەندێک دەرمان چارەسەر دەبێ و دۆخی زۆرباش دەبێ. بەڵام تاوەکو ئێستا نەیانهێناوەتە نەخۆشخانە، بردوویانەتە شوێنی چاودێری نەوەک چارەسەری."
 
باوک و دوو برای رازیە لە ئەورووپا دەژین. براکەی دیکەی لە گەڕەکی بەرۆشکێ دەژی. جەوهەر عەبدولواحید گوتی: "لە بەیانییەوە خوشکەکەم دەبەمە نەخۆشخانەی دەروونی بەمەبەستی چارەسەر."