دابینکردنی شوێن بۆ مانەوەی خوێندکاران لە بەشە نێوخۆییەکان دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەرزی دەستپێکردنی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان نزیکە و یەکێک لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانیش دابینکردنی شوێنی مانەوەیە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی ئەو شارەی ناوەندە زانستییەکەی لێیە.
زانکۆی سۆران دەڵێت، رۆژی پێنجشەممە، 29-8-2028، خوێندکاران لە کۆلێژەکانی فاکەڵتی یاسا و بەڕێوەبردن، زانست و ئـەندازیاری دەتوانن سەردان بکەن بۆ وەرگرتنی بەشە ناوخۆیی. زانکۆی سەڵاحەدینیش دەڵێت، "لە 3ی ئەیلوولەوە تاوەکو 7ی ئەیلوولی 2024 بەشی ناوخۆیی دابەش دەکەین".
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستبەکاربوونەوەی مامۆستایان بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 بە رووداوی گوت، "هەر زانکۆیەک رۆژژمێری تایبەت بە خۆی بۆ دەستپێکردنی دەوام و خوێندن هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، دەستبەکاربوونەوەی مامۆستایان لە هەموو زانکۆکان لە مانگی ئەیلوول دەبێت".
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی سۆران بڵاویکردەوە، خوێندکاران ئـاگاداردەکەنەوە کە بە مەبەستی وەرگرتنی شوێنی مانەوە لە بەشەناوخۆییەکان، بەپێی ئـەم خشتەی خوارەوە سەردانیان بکەن:
1. رۆژی پێنج شەممە 29ـی ئابی 2024، فاکەڵتی یاسا و بەڕێوەبردن، زانست، ئـەندازیاری
2. رۆژی ھەینی، 30ـی ئابی 2024، خوێندکارانی فاکەڵتیی ئـاداب
3. رۆژی شەممە، 31ـی ئابی 2024، خوێندکارانی فاکەڵتیی پەروەردە
لەبارەی هەمان بابەت د. فەرهاد عەلی، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بۆ کاروباری قوتابییان بە رووداوی گوت، "لە 3ی ئەیلوولەوە تاوەکو 7ی ئەیلوولی 2024، بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین دابەش دەکرێن و دوای ئەوە راستەوخۆ خوێندن دەستپێدەکات. ئەو قوتابییانەی لە رێگەی زانکۆلاینەوە وەردەگیرێن خۆڕاییە و ئەوانەی کە پارالێڵن 300 هەزار دینار بە داشکانی 45%ەوە لێیان وەردەگیرێت".
د. فەرهاد عەلی لەبارەی بەشکردنی باڵەخانەکان وەک بەشە ناوخۆیی گوتی، "ئەوە دەگەڕێتەوە سەر ژمارەی قوتابییان کە چەند قوتابی لە زانکۆلاین وەردەگیرێن. هەندێک جار وەزارەتی خوێندنی باڵا لە پلان زیاتر دەینێرێت. ئەگەر زیاتری نارد و نەمانتوانی جێگەیان بۆ بکەینەوە، ناچار دەبین باڵەخانەیان بۆ بگرین. باڵەخانەی کوڕان کێشەمان نییە، بەڵام بۆ کچان شوێنەکەیان کە 18ی شوباتە، بچووکە."
هاوکات، مەردان ئەترووشی، سەرۆکی بەشە نێوخۆییەکانی زانکۆی دهۆک بە رووداوی گوت، "راستەوخۆ دوای دەستبەکاربوونی مامۆستایان، ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەکات و دەست بە دابەشکردنی بەشە نێوخۆییەکان دەکەین."