وردەکاریی فرۆشتنی 100 شوقە لە شەقڵاوە بە 150 کەس


رووداو دیجیتاڵ

یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە شەقڵاوە کە 100 شوقەی تێدایە، "فێڵی" تێدا کراوە و بە زیاتر لە 150 کەس فرۆشراوە. هاونیشتمانییەک دەڵێت، بۆ کڕینی شوقەیەک، 4 هەزار دۆلاری داوە، بەڵام 5 مانگە لە چاوەڕوانی ماوەتەوە و لەسەر ئەوەش لەگەڵ هاوژین و ماڵە خەزوورانی بووەتە کێشەیان. 
 
سەربەست شاکر، خاوەنی شوقەیەکە لە یەکە نیشتەجێبوونەکە و دەڵێت، "لە هەولێر ژیان بۆ من زەحمەت بوو، لەسەر تەواونەبوونی ئەم خانووە کێشەم زۆر بۆ دروستبوو لەگەڵ خێزانم و ماڵی خەزوورم، ئێستاش ئەو کێشەیە ماوە هەر لەسەر ئێرە و تەواونەبوونی ئەو شوقەیە، خودا قبووڵ دەکات؟ سێ منداڵم هەیە و لەگەڵ خێزانم لە ماڵی دایکی دەژین."
 
ئەو پڕۆژەیە 102 یەکەی نیشتەجێبوونە، پێنج مانگە بەهۆی زێدەڕۆیی لە نهۆمەکان، کارکردن تێیدا راوەستاوە و یەکەکان بە 150 کەس فرۆشراونەتەوە.
 
هەرێم نەجات، ئەندازیار گوتی، "لەم ماوەیەی کە راوەستاوە، زێدەڕۆیی زۆر بووە، گرێبەستیان بەناوی 2 بۆ 3 کەس کردووە، هەر لە کۆمپانیا ئێستا من بۆم دەرکەوتووە گرێبەستی من کە نهۆمی 4ـە و 129 مەترە، هەمان شوقە بە ناوی کەسێکی دیکەیە کە ناوی سەباح محەممەدە."
 
هاونیشتمانییەکی دیکەیش دەڵێت، سێ شوقەی لەو یەکەیەدا کڕیوە و ئێستا بۆی دەرکەوتووە کە هەمان ئەو شوقانە کە خۆی بە 14 دەفتەر دۆلار کڕیویەتی، بە کەسێکی دیکەیش فرۆشراوە.
 
پرۆژەکە لەلایەن سێ هاوبەشەوە دروستکراوە و دواتر بەهۆی کێشەی نێوانیان و سکاڵای یەکێکیان، کارکردن تێیدا لە لایەن شارەوانیی شەقڵاوە راگیراوە. پڕۆژەی زارینا لە شەقڵاوە لە سەرەتای ساڵی 2021 دەست بە دروستکردنی کرا و بڕیار بوو لە مانگی 2ـی 2022، رادەستی خاوەنەکانی بکرێتەوە.