13 رۆژە دارستانەکانی دێرسیم دەسووتێن
رووداو دیجیتاڵ
ئاگری دارستانەکانی شارۆچكەی خۆزاتی سەر بە پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییەوە کەوتووەتەوە، هێشتا بەردەوامە. ئاگرەکە تادێت فراوانتر دەبێت.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی ئابی 2021 شاندێكی پەرلەمانتارانی جەهەپە بە سەرۆکایەتی وەلی ئاغبابا یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی جەهەپە، بۆ بینینی ئەو شوێنانەی کە دارستانەکانیان دەسووتێن بەرەو شاری دێرسم بەڕێکەوتن.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رۆژی شەممە 28ی ئاب ئاماژەی بەوەدا شارەوانییەکانی جەهەپە بە هەموو هێزی خۆیانەوە پاڵپشتی فاتح محەممەد ماچئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی دێرسم و خەڵکی ئەو پارێزگایە دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە 74 سەندیکای پارێزەران "بارۆ"ی تورکیا و باکووری کوردستان لەبارەی سووتانی دارستانەکانی شارۆچکەی خۆزاتی دێرسم راگەیێنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داوایان کرد، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە هەوڵەکان بخرێنەگەڕ و لە زەوی و ئاسمانەوە کار بۆ کوژراندنەوەی ئاگرەکە بکرێ.
پێشتر سەرۆکی شارەوانیی دێرسم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو بە پاساوی ئەمنی رێگە بە تیمەکانی شارەوانی خۆزات و شارەوانی دێرسم نادرێ بچن ئاگرەکە بکوژێننەوە.
ئاگری دارستانەکانی شارۆچکەی خۆزات رۆژی 17ی ئاب لە مەزرای گوندی کوروکایماک لە ناوچەیەکی نێوان شارۆچکەکانی خۆزات و پولور، دوای ئۆپەرایسیۆنێکی سەربازی سوپای تورکیا لە ناوچەکە دەستیپێکرد. دواتر بەهۆی کاریگەری با ئاگرەکە تەشەنەی کرد و رووبەرێکی فراوانی گرتووەتەوە.