کەمکردنەوەی ئاوی زێی بچووک لەلایەن ئێرانەوە ماسییەکانی لەسەر وشکانی هێشتووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئێران چەندین بەنداوی لەسەر رووباری زێی بچووک لە نزیک سنووری هەرێمی کوردستان دروستکردووە، ئەوەش وایکردووە ئاستی ئاوەکەی زۆر کەمبێتەوە و زیانی زۆریش لە کشتوکاڵ و حەوزی بەخێوکردنی ماسی بدات.
عیسا حەمە ئەمین، خاوەن حەوزی بەخێوکردنی ماسییە، دەڵێت، بەهۆی نەبوونی ئاوەوە، ماسییەکانیان دەمرن، "نزیکەی 50%ـی ماسیی چەمەکەش مردوون، جگە لەوەش هەموو حەوزەکانی ماسی لەم سنوورە پشت بە ئاوی ئەو رووبارە دەبەستن کە ئێستا کەمی کردووە".
دوای کەمکردنەوەی ئاوەکە لە لایەن ئێرانەوە، خەڵکی هەندێک ناوچەش وەک پێویست ئاویان بۆ ناڕوات، هەروەها کەمی ئاوەکە کاری کردووەتە سەر 70 حەوزی بەخێوکردنی ماسی و زیاتر لە 32 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی لە هەردوولای رووبارەکە.
ئەبوبەکر موستەفا، جووتیارە و ئاماژە بەوە دەکات، کەمبوونەوەی ئاوەکە جگە لە زیانی بۆ حەوزی بەخێوکردنی ماسییەکان، زیانی بە کشتوکاڵی جووتیارانیش گەیاندووە، "هەر ئاو نییە بیدەینە مەڕ و ماڵات".
قایمقایمی قەزای پشدەر دەڵێت، پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ ئێراندا بکرێت بۆئەوەی ئاوی رووباری زێی بچووک بەشێوەیەکی سنووردار بگیرێتەوە و بەشی هەرێمی کوردستانی تێدا بهێڵێتەوە.
ئەبوبەکر باییز، قایمقایمی قەزای پشدەرە و رایگەیاند، داوایان کردووە لەگەڵ ئێران قسە بکرێت و بەپێی ئەو رێککەوتنانەی لەنێوان دەوڵەتان هەیە، مامەڵە لەگەڵ ئاوی زێی بچووک بکرێت، "بۆئەوەی بڕی ئاوی پێویست بە بەردەوامی هەبێت".
ئێران لە مانگی تەممووز و ئابدا ئاوی رووباری زێی بچووکی کەمکردووەتەوە، کە لەو دوومانگەدا زۆرترین خواستی لەسەرە. ئێستا ئاوی رووبارەکە بە شێوەیەک کەمبووەتەوە کە ماسییەکانی نێوی، لەسەر بەردی رووت بێ ئاو ماونەتەوە.