وەزارەتی کشتوکاڵ 500 دۆنم زەوی بۆ کۆلێژی ئەندازیاریی کشتوکاڵی کفری تەرخان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ پشتیوانیکردنی لە داواکارییەکانی خەڵکی کفری، 500 دۆنم زەویی کشتوکاڵی بۆ کۆلێژی ئەندازیاریی زانستە کشتوکاڵییەکانی کفری دابینکرا. نوێنەری مانگرتووانی قەزاکەش دەڵێت، "کۆلێژەکە لەنێو کتێبخانەی کفری بوو، چونکە جێگەی تایبەتی نەبووە، بەڵام بەگوێرەی ئەو بڕیارە بێت، جیادەکرێتەوە."
 
رۆژی شەممە، 29-07-2023، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شەیما جەمال، راوێژکاری وەزارەت بە نوێنەرایەتیی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری وەزارەتی کشتوکاڵ سەردانی خێوەتی مانگرتووانی کرد و موژدەی تەرخانکردنی بڕی 500 دۆنم زەویی کشتوکاڵی بۆ کۆلێژی ئەندازیاریی زانستە کشوکاڵییەکانی کفری راگەیاند.
 
عوسمان قەتارچی، نوێنەری مانگرتووانی کفری بە رووداوی گوت، "کۆلێژی کشتوکاڵ پێویستی بە شوێن هەبوو، چونکە ئەوە چەندین ساڵە لە نێو کتێبخانەی کفرییە، بۆیە ئەوە یەکێک بووە لە داواکارییەکانمان و ئەمڕۆ بڕیاری لەبارەوە دراوە."
 
بەگوتەی نوێنەری مانگرتووانی کفری، ئەو 500 دۆنم زەوییەی دابینکراوە بۆ باڵەخانەی کۆلێژی کشتوکاڵە و دەشڵێت، "قەزای کفری گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵی دەدات، دوای مانگرتنیشمان هێدی هێدی داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێت."
 
شەیما جەمال، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ماوەیەکی زۆرە کار لەسەر دروستکردنی کۆلێژی کشتوکاڵ دەکەین، چونکە ئەو کۆلێژە کە لە 2015 کرایەوە باڵەخانەی نەبوو و بەشێکی بچووک بوو کەمترین خوێندکاری بۆ دەرۆیشت، بۆیە داوامان کرد زەوی بۆ دابینبکرێت و ئەو کۆلێژە ببێتە بەشێکی گەورە، سەرۆکی زانکۆی گەرمیانی، راگری کۆلێژی کشتوکاڵیش هاتنە سەر هێل، دواتر لە 5ـی حوزەیرانەوە نووسراو بۆ دابینکردنی ئەو زەوییە دەرکرا و ئێستا رەزامەندی سەرەتایی وەرگیراوە و تەنیا مامەڵی رۆتینی ماوە."
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ کاری باڵەخانەی ئەو کۆلێژە، تەنانەت لەگەڵ وەزارەتی دارایش قسەکراوە و حکومەتیش لەسەر هێلە بۆ ئەوەی پارەی بۆ دابین بکات و دەڵێت، "ئەگەر پارە هەبێت ئەوە بە ساڵێک باڵەخانەی ئەو کۆلێژە تەواو دەبێت."
 
نزیکەی مانگێکە بەشێک لە دانیشتووانی کفری بۆ کۆمەڵێک داواکاری مانیان گرتووە، لەوانە رەخساندانی هەلی کار بۆ دانیشتووانی قەزاکە، پڕۆژەی خزمەتگوزاری، دامەزراندنی گەنجان، وەبەرهێنان لە قەزاکە و تەواوکردنی پڕۆژەکانی رێگەوبان و سوودمەندبوونی شارەکە لە سامانە سرووشتییەکان.