98 ساڵە شوێنی گۆڕی شێخ سەعیدی پیران ئاشکرا نەکراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ 98 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران تێدەپەڕێت، کە رۆژی 29ی حوزەیرانی 1925 لەگەڵ 46 کەس لە هاوڕێکانیدا لە گۆڕەپانی داغكاپی، كە ئێستا ناوەكەی گۆڕاوە بۆ "مەیدانی شێخ سەعید" لە ناوەندی شاری ئامەدی باکووری کوردستان، لەسێدارەدران. دوای نزیکەی سەدەیەک، هێشتا شوێنی گۆڕی شێخ سەعید و هاوڕێکانی ئاشکرا نەکراوە.
 
شێخ سەعیدی پیران، ساڵی 1865 لە ناوچەی پاڵووی خارپێت لەدایكبووە، یەكێكە لە شێخەکانی تەریقەتی نەقشبەندی. لە 13ی شوباتی ساڵی 1925 لە پارێزگای ئامەد دژی حکومەتی ئەوسای تورکیا راپەڕی و بە ماوەیەکی كەم شاری چەولیگ و خارپێتی کۆنترۆڵ کرد.
 
لە كۆتایی نیسانی هەمان ساڵدا خۆی و 46 هاوڕێی دەستگیر كران و دواتر لەسێدارەدران، بەڵام تائێستا نازانرێت لە كوێ بەخاکسپێردراون.
 
بنەماڵەی شێخ سەعید و سەندیکای پارێزەرانی ئامەد هەوڵی زۆریان داوە بۆ ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕی شێخ سەعید و هاوڕێکانی، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بوون.
 
دوایین جار دادگەی 5ی کارگێڕیی ئەنقەرە لە 28ی حوزەیرانی 2022دا ئەو داواکارییەی بنەماڵەی شێخ سەعید و سەندیکای پارێزەرانی ئامەدی رەتکردەوە کە لەبارەی ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕی شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێکانی پێشکێش کرابوو، بە بیانووی ئەوەی کە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا زانیاریی لەسەر ئەو بابەتە نییە.