د. هێمن هەورامی: دواخستنی هەڵبژاردن بۆ ناوبانگی هەرێمی کوردستان خراپە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ ئەوەدانین وادەی پەرلەمان بۆ ماوەیەکی زۆر درێژبکرێتەوە، بەڵام بە ئەرکی "یاسایی خۆمان هەڵدەستین و ناهێڵین بۆشایی یاسایی دروست ببێت."
د. هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە هاوکات ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە لە بوولتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی، "هەڵبژاردن پەیوەستە بە هەردوو رەهەندە سیاسیی و یاساییەکەوە لە پەرلەمانی کوردستان هەوڵمانداوە هەردوو رەهەندەکە چارەسەر بکەین، بەڵام نەتوانراوە رەهەندە سیاسییەکەی چارەسەربکرێت."
ئاماژەی بەوەشکرد: سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی ژمارەیەک کۆبوونەوەی کردووە بۆ ئەوەی لێکنزیکبوونەوە لە نێوان لایەنەکان دروست ببێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نزیکبوونەوەی سیاسی بۆ پرسی هەڵبژاردن نییە. ئاماژەی بەوەش دا، گفتوگۆی نێوان لایەنەکان بەردەوامە و نەگەیشتووەتە بنبەست.
هێمن هەورامی گوتیشی، "ئەگەر رێککەوتنێکی سیاسی لەبارەی هەڵبژاردنەوە بکرێت پەرلەمان ئاسانتر دەتوانێت رەهەندە یاساییەکەی تەواو بکات."
لەبارەی درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانەوە، گوتی، "لە چوار خولی پێشووی پەرلەمان تەمەنی خولی پەرلەمان درێژکراوەتەوە، ئەم خولەی پەرلەمانیش بەدەر نییە لەو تەنگەژە سیاسییەی هەرێمی کوردستان هەیە، لە پەرلەمانی کوردستان بە ئەرکی یاسایی خۆمان هەڵدەستین و ناهێڵین بۆشایی یاسایی دروست ببێت، ئێمە خوازیاری ئەوەبووین لایەنە سیاسییەکان رێککەون بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت، چونکە دواخستنی هەڵبژاردن بۆ ناوبانگی هەرێمی کوردستان باش نییە."
بەگوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، "ئەو سێ مانگەی لەپێش کۆمسیۆن ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئاسان نییە بتوانێ لە رووی تەکنیکییەوە ئامادەکارییەکان تەواو بکات لە کاتێکدا هێشتا وادەی یاسایی کۆمسیۆن نوێنەکراوەتەوە، چۆن ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن عەیبەیەکە بۆ هەموو هێزە سیاسییەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، درێژکردنەوەی ماوەی تەمەنی پەرلەمان عەیبەیەکی دیکەیە."
د. هێمن هەورامی دەڵێت: "ئێمە لەگەڵ ئەوەدانین وادەی پەرلەمان بۆ ماوەیەکی زۆر درێژبکرێتەوە، تەنیا بۆ ئەو ماوەیەی کۆمیسیۆن پێویستیەتی ئامادەکارییەکان تەواو بکات و هەڵبژاردن ئەنجامبدات، رەنگە لەسەر ئەوە رێککەوین تەنیا بۆ ئەو ماوەیە درێژبکرێتەوە."
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتییەوە، د. هێمن هەورامی دەڵێت، "پارتی و یەکێتی پەیوەستن بەو پرسانەی لە هەرێمی کوردستان دێنە ئاراوە، گفتوگۆکانی نێوانیشیان بەردەوامە، هەموو کاتێک پەیوەندیی لە نێوان ئەو دوو حیزبەدا هەبووە، لەپاش کشانەوەی فراکسیۆنی سەدر هەردوو حیزب گفتوگۆکانیان بەردەوامە بۆ ئەوەی لەسەر پرسە پەیوەندیدارەکانمان لەگەڵ حکومەتی بەغدا بگەنە رێککەوتن."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەکرد، "گوشارەکان بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەڵام هەرێمی کوردستان هەرگیز لەژێر گوشاردا بڕیاری سیاسی خۆی ناگۆڕێت، ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت کە هەرێمی کوردستان توانیویەتی بەسەر ئەو گرفتانەدا زاڵبێت کە بۆی دروستکرابوون، پێشبینیش دەکەین ئەو هەڕەشانە بەردەوامبن، بۆیە داواکاریمان لە لایەنەکان ئەوەیە پێکەوە رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە بوەستینەوە."
د. هێمن هەورامی دەڵێت، "بابەتە یاساییەکانمان بۆ هەموو کۆمپانیا نەوتییەکان روونکردووەتەوە، ئەوانەی لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان کشاونەتەوە گرێبەستی گەورەیان لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان نییە، تاوەکو ئێستا ئەو کۆمپانیا گەورانەی گرێبەستی گەورە و بنەڕەتیان لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە پابەندن بە گرێبەستەکانیانەوە، ئەو پرسیارانەی هەیان بووە وەڵامدراونەتەوە و سەرنجی یاساییان پێدراوە."
د. هێمن هەورامی گوتی، "پارتی هێڵی سووری لەسەر هیچ لایەنێک نییە بۆ گفتوگۆ و خواستەکانی هەرێمی کوردستان و مەرجەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان نەگۆڕدراون، گفتوگۆکان بەردەوامن پارتی هێڵی سووری هیچ لایەنێک نییە لە نەخشەی سیاسی نوێی پەرلەمانی عێراق."