بێگەرد تاڵەبانی: یەکلا نەبووەتەوە عێراق چەند تۆن گەنم لە جووتیارانمان وەردەگرێت

هەولێر دیجیتاڵ
 
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەموو پێویستییەکانمان بە دۆکیۆمێنت داونەتە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بەڵام حیساب و کاریان بەو دۆکیۆمۆنتانە نەکرد. دەشڵێت، "داوامان کردووە عێراق هەموو گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت".
 
ئەمڕۆ سێشەممە 28ی 5ی 2024، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بووڵتەنی کۆڕۆژدا بە رووداوی گوت، "لە سەرەتای دانیشتنمان لەگەڵ حکومەتی عێراق، یەکسەر پێیان گوتین کە ئێمە بە رێژەی 500 هەزار تۆن مامەڵەتان لەگەڵ دەکەین. ئێمەیش قبووڵمان نەکرد. یاداشتمان لە رێگەی وەزیری دەرەوەی عێراق پێشکەش کردووە و بە داتا رێژەی بارانبارین، رووبەری چێندراوی زەوی هەرێمی کوردستان بە گەنم و بەرهەمەکە بۆ شاندی عێراقی خراونەتەڕوو، هەموو ئەو رێکارانەی کە پێویست بوو گیراونەتەبەر. ئێمە مافی یەک ملیۆن و نیو تۆن گەنممان هەیە کە سایلۆکانی عێراق لێمان وەربگرن".
 
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و یەک لە تەوەرەکانی کۆبووەنەوەکە لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بووە. زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو روونیکردەوە، هەولێر و بەغدا لەسەر بڕی ئەو گەنمەی وەردەگیرێت رێکنەکەوتوون. هەرێمی کوردستان داوایکردووە بەغدا ملیۆن و نیوێک تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بەڵام بەغدا پێداگری دەکات کە دەتوانێت تەنیا 650 هەزار تۆن گەنم وەربگرێت. ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی نوێی بۆ رێککەوتن لەسەر بڕی ئەو گەنمەی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان  وەردەگیرێت، پێکهێناوە.
 
رۆژی دووشەممە 20ی ئایاری 2024 کۆبوونەوەکانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری لە بەغدا لەگەڵ حکومەتی عێراق دەستپێکرد. هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق و بەرپرسانی دیکەی بەغدا لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە".

 

 
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، "ئێمە لە سەردانەکەمان بۆ بەغدا، سەردانی سەرۆککۆمار، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بارزگانی، وەزارەتی داد و ئەنجوومەنی ئابووریمان کرد. بە هاوکاریی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، هەموو رێکارەکانمان بە داتا خستە ژێر دەستی هەموو ئەو لایەنانەی پسپۆڕن. لەگەڵ لیژنەی 57 کۆبووینەوە، گفتوگۆیەکی زۆرمان پێکەوە کرد. ئەوان هیچ پشتیان بە داتاکانی ئێمە نەبەست. ئێمە لە لیژنەکەمان پرسیوە ئایا ئێوە هیچ تێبینییەکی یاساییتان لەسەر داتاکانی ئێمە هەیە؟ چونکە داتاکانمان بەهاوبەشی بوو لەگەڵ لیژنەیەکی عێراق کە سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو. ماوەی 10 رۆژ مایەوە و خۆی دەرخستەی بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان کرد".
 
بێگەرد تاڵەبانی دەشڵێت، "عێراق ستەم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکات. بڕشتی گەنمیان لە هەندێک ناوچەی کوردستان بە 200 کیلۆ بۆ دۆنمێک دانابوو. هاوکات ئەمساڵ رێژەی باران و بڕشتی گەنممان زۆر باشە. هاوکات باوەڕیان بە نێوەڕۆکی داتاکانمان هەبوو، چونکە خۆیان لەگەڵمان بوون. بەڵام ئەوان یەکلابوونەتەوە و دەیانەوێت بە رێژە مامەڵەمان لەگەڵ بکەن. گوتیان ئێمە وەکوو پار 500 هەزار تۆنتان وەردەگرین. چونکە ئەوان پلانی داچاندیان هەیە و بە رێژەی 30٪ زەوییەکانی عێراق چێندراوە. بەڵام ئەوە کوردستان ناگرێتەوە. لێکیان دایەوە بۆ پشکی زیادە، گوتیان 21٪ـە، ئەو رێژەیە کردیە 605 هەزار تۆن. ئەمەیش جێی قبووڵکردن و مەنتق نییە".
 
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، "بە هەموو پێوەرێک دەبوایە بەغدا ملیۆن و نیوێک تۆن گەنم وەربگرێت، ئێمە هەقی ئەو رێژەیەمان هەیە. وەزیری کشتوکاڵی عێراق ئەمڕۆ پێی راگەیاندین کە تەنیا 700 تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرن. ئەوەش جیاوازییەکی زۆری هەیە لەو داتایانەی ئێمە پێشکەشمان کردووە. ئەنجوومەنی وەزیران پرسی وەرگرتنی گەنمی خستووەتە کۆبوونەوەکەی سبەی چوارشەممە و پێویستە ئەو کێشەیەی جووتیاران چارەسەر بکرێت. هاوکات ئەم بابەتەمان خستووەتە نێو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش؛ مەسروور بارزانی و قوباد تاڵەبانیش هاوکار و چاودێری پرۆسەکە بوون".
 
لەبارەی مانەوەی ئەو رێژە گەنمەی کە لە دوای چارەسەری حکومەتی عێراقدا دێت، بێگەرد تاڵەبانی گوتی، قۆناخی یەکەم پشت بە سایلۆکانی عێراق دەبەستن. قۆناخی دووەم، لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی کەرتی تایبەت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ کردوون، گەنمی جووتیاران یەکلایی دەکرێتەوە.
 
لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی مەخموورەوە، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گوتی، قسەیان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار کردووە تاوەکو ئاسانکاری بۆ جووتیارانی ناوچەکە بکرێت.