ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر: لە گردبوونەوە بەردەوامین و رێگە بەگواستنەوەی بەشێکی عەلوەکە نادەین
رووداو دیجیتاڵ
ماوەی سێ رۆژە کاسبکارانی عەلوەی هەولێر گردبوونەوە دەکەن و لەبەرامبەر گواستنەوەی بەشێکی عەلوەکە ناڕەزایەتی دەردەبڕن. سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەکە دەڵێت، "رازی نابین هیچ بەشێکی عەلوەی هەولێر بگوازرێتەوە و لە گردبوونەوەکانمان بەردەوام دەبین." قایمقامی هەولێریش دەڵێت، "ئەو شوێنەی بەشێکی عەلوەکەی بۆ دەگوازرێتەوە رێکخراوترە و قەرەباڵخی کەمدەکاتەوە."
رۆژی دووشەممە، 29-05-2023 رەجەب عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەبێ ئەوەی ئاگاداربکرێینەوە، رۆژی هەینی 26ـی ئایار گۆڕەپانی شووتی فرۆشان کە سەر بە عەلوەی هەولێرە داخرا و ئاگادارکراینەوە دەگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە؛ ئەو شوێنەی گۆڕەپانەکەی بۆ دەگوازرێتەوە بە دەستی کەرتی تایبەتە."
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، "گرفتی ئێمە لەوەیە، ئەگەر بەشێکی عەلوەکە بگوازرێتەوە ئەوە کاریگەری لەسەر کاری رۆژانەی ئێمە دەبێت؛ دواتر عەلوەکە بە گشتی لەسەر رێگەی موسڵە و گۆڕەپانی شووتی فرۆشان لە تەنیشتی عەلوەکەیە؛ شوێنە نوێیەکەش بەرامبەری شوێنە کۆنەکەیە، واتە ئەگەر گرفت لە شوێنەکە هەبووایە بۆچی بەرامبەری خۆمان شوێنیان دابین دەکرد؟"
ماوەی سێ رۆژە کاسبکارانی عەلوەی هەولێر بەهۆی گواستنەوەی بەشێکی عەلوەکەیان کە بە گۆڕەپانی شووتی فرۆشان ناسراوە ناڕەزایەتی دەردەبڕن. رەجەت عەزیز دەڵێت، "کەس نەهاتووە گوێ لە داواکارییەکانمان بگرێت؛ ئێمەش لە گردبوونەوە بەردەوام دەبین و ئەو کاسبکارانەی کە لە گۆڕەپانی شووتی فرۆشان کار دەکەن کاریان راگرتووە."
یەکێک لە نیگەرانییەکانی کاسبکارانی عەلوەی هەولێر ئەوەیە، ئەو شوێنەی بەشێکی عەلوەکەی بۆ دەگوازرێتەوە بە دەستی کەرتی تایبەتەوەیە. سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەکەش دەڵێت، "ئێمە لە شوێنی خۆمان گرفتمان نەبوو؛ ساڵانە نزیکەی چوار ملیار دینارمان بە حکومەت دەدا، بەڵام ئێستا دەدرێتە کەرتی تایبەت و ئەوە بۆ قازانجی ئەوانە."
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر لەبارەی گواستنەوەی بەشێکی عەلوەی هەولێر قسەیەکی دیکەی هەیە و بە تۆڕی میدیای رووداوی گوت، "بابەتەکە بەوشێوەیە نییە کە باس دەکرێت، تەنیا گۆڕەپانی شووتی و گندۆرە کە موڵکی وەزارەتی شارەوانییە دەگوازرێتەوە. شارەوانی بڕیاریداوە بە گواستنەوە ئەو گۆڕەپانە لەبەر ئەوەی موڵکی خۆیەتی و لە شوێنە نوێیەکە شووتی فرۆشان رێکخراوتر کاری خۆیان دەکەن و ئاسانکاری باشتریان بۆ دەکرێت لەبەر ئەوەی قەرەباڵخییەکی زۆر لە شوێنە کۆنەکە دروست دەبوو."
بە گوتەی نەبەز عەبدولحەمید، "ئێستاش جووتیارەکان کێشەیان نییە و لە شوێنە نوێیەکەن و کاری خۆیان دەکەن، تەنیا بەشێک خاوەنی عەلوەکە ناڕازین."