ماوەی لێخۆشبوونی 15%ـی کرێی ئاو درێژکرایەوە

 

رووداو دیجیتاڵ 

لەسەر فەرمانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ماوەی لێخۆشبوونی 15٪ـی کرێی هاوبەشانی ئاو، تاوەکو 21ـی حوزەیران درێژکرایەوە. 
 
رۆژی دووشەممە، 29-05-2023 بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر لە ئاگادارییەکدا بۆ هاونیشتمان رایگەیاند: "لە رۆژی 21ـی ئایارەوە تاوەکو 21ـی حوزەیران کرێی ئاوی هاوبەشانی ئاو درێژکراوەتەوە."
 
بڕیاربوو، 10ـی حوزەیرانی 2023 لێخۆشبوونی کرێی ئاو کۆتایی بێت، بەڵام بە فەرمانی وەزارەتی شارەوانی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە درێژکرایەوە. 
 
ساڵی رابردوو سێ جار بڕیاری لێخۆشبوونەکە درێژکرایەوە؛ رۆژی سێشەممە، 9ـی ئایاری 2023، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی رووداوی گوت: "ئەمساڵ زیاتر لە 12 هەزار هاوبەشی ئاو لە بڕیاری لێخۆشبوونی 15٪ـی قەرزی ئاو سوودمەند بوون."
 
لەبارەی دووبارە درێژکردنەوەی لێخۆشبوونی کرێی ئاو، ئاری ئەحمەد گوتبووی: "ئەوە لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە، چونکە هاووڵاتی ئێستاش نەیداتەوە و قەرزی لەسەر بێت، دواجار هەر دەبێ بیداتەوە".