هەڤاڵ ئەبوبەکر: هەرچوار پارێزگاری هەرێمی کوردستان بە شاندێک دەچینە ئێران
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە سەردانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات. پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، "بابەتی کولتووری، گەشتیاری، ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و ئابووری، ئاو و چەندین بابەتی دیکە، تەوەری کۆبوونەوەکانمان دەبن".
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ (دووشەممە، 29-5-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە نووسراوی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و لەسەر داواکاری و بانگهێشتنامەی پارێزگارەکانی سنە، کرماشان و ورمێ، رۆژی چوارشەممە 31ـی ئایار شاندێکی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتوون لە پارێزگارەکانی هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان، سەرۆکی ژووری بازرگانیی پارێزگاکان و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان سەردانی ئێران دەکەن".
بە گوتەی پارێزگاری سلێمانی، "کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە 1 و 2ـی حوزەیران لەگەڵ پارێزگارەکانی، سنە، کرماشان و ورمێ دەبن".
پارێزگاری سلێمانی لە بارەی ئامانجی سەردانەکەیان گوتی، "بابەتە سەرەکییەکان پەیوەندی کولتووری، گەشتیاری، ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بابەتی ئابووری، ناوچەی بازرگانی و پیشەسازیی ئازاد، ئاو و مەڕوماڵاتە کە بەهۆی هاوسنوورییمانەوە تێکەڵاوبوونی زۆر دروست دەبێت و زۆرجار کێشە بۆ ئاژەڵەکانمان دروست دەبێت و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەندیدار".
سێ دەروازەی فەرمی و نێودەوڵەتیی لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا هەن کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری لە رێگەیانەوە دەکرێت، ئەوانیش پەروێزخان لە سنووری گەرمیان، حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر و باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی. چەند دەروازیەکی نیمچە فەرمیش هەن.