هەموو زانیارییەکان لەبارەی شەقامی 120 مەتری هەولێر

رووداو - هەولێر

شەقامی بازنەیی 120 مەتری هەولێر پڕۆژەیەکی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانە. دێژییەکەی 38 کیلۆمەترە. لە سێ بەش پێکهاتوون؛ بەشی یەکەم 11 کیلۆمەترە، بەشی دووەم 16 کم و بەشی سێیەمیشی 11 کیلۆمەترە. 

بەشی یەکەمی لە ساڵی  2010ـەوە لەلایەن کۆمپانیای ئیکینجلەری تورکییەوە دەست بە کارکردن کراوە تێیدا. گووژمەی بنەڕەتییەکەی 78 ملیۆن دۆلار بوو، دواتر زیادیکرا بۆ 145 ملیۆن دۆلار، کۆمپانیاکە تەنیا لە 55% پڕۆژەکەی جێبەجێکرد و بۆی تەواونەکرا، ئێستا بڕیاروایە هێمن گرووپ کە کۆمپانیایەکەی ناوخۆییە و لە 100%ی بەشی دووەم و سێیەمی تەواوکردووە، بەشی یەکەمیش تەواوبکات.

بەشی دووەمی 120 مەتری هەولێر 16 کیلۆمەترە، چوار کیلۆمەتری دیکەشی بۆ زیادکراوە، دوای سێ ساڵ کارکردن تێیدا لە ساڵی 2016 تەواوبوو، گوژمەکەی 169 ملیۆن دۆلارە.

هەرچی پەیوەندی بەبەشی سێیەمەوە هەیە، ئەویش درێژییەکەی 11 کیلۆمەترە، گوژمەکەی 145 ملیۆن دۆلارە، ئەمیش دوای سێ ساڵ کارکردنی بەردەوام ئێستا تەواوبووە، لە بەشی سێیەمدا دوو کیلۆمەتری بەشی یەکەمیش جێبەجێکراوە، بۆئەوەی ببسترێنەوە بە یەکەوە.

بە هەردوو بەشی دووەم و سێیەمەوە 7 ملیۆن و750 هەزار تۆن بڕین و پڕکردنەوە کراوە، یەک ملیۆن و 70 هەزار تۆن بەردی شکاو بەکارهاتوون، 470 هەزار تۆن کۆنکرێت و هەروەها 27  هەزار تۆن شیش بەکارهاتوون، 103 ئاوەڕۆ و 2060 مەنهۆڵ هەن، 30 بەرزە پرد و ژێرپردی تێدان، 245 هەزار مەتر شۆستەی کۆنکرێتی کراوە، پاشان 99 هەزار مەتر پەرژینی خۆپاراستنیش دانراوە. 2762 ستوونی کارەبا هەن، 233 هەزار مەتر کێبڵیش بەکارهاتوون، هەروەها لە هەردوو بەشەکەدا رۆژانە بە تێکڕا 650 کەس کاریان کردووە و 350 ئامێریش بەگەڕخراون.

کێشانی بازنەیەکی 38 کیلۆمەتریی بە دەوری نەخشەی هەولێردا، هۆکارە بۆ فراوانکردنی شارەکە بەشێوەیەکی رێک و ئەندازەیی، هەروەها هەمو ئەو زەویانەی دەکەونە نێوان شەقامی 100 مەتری و 120 مەتری بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، بازرگانی، نیشتەجێکردن و خزمەتگوزاریی پڕدەبنەوە. هاوکات هۆکاری زیاتر فراوانبوونی شاریشە، هەر بۆیە شەقامی 150 مەتری بەدوای خۆیدا هێنا.