کەشناسی: ئەمشەو نمەباران و سبەی تاوەباران و برووسکە دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمشەو نمەباران دەبێت و لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆی سبەی (سێشەممە) تاوەباران و برووسکە دەبێت.
رۆژی دووشەممە، 29-04-2024 بەشی کەشناسیی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و دواتر بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت لەگەڵ بوونی کەمێک تۆز و خۆڵ، لە کاتەکانی شەودا، نمەباران لە ناوچە جیاجیاکان دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت.
پێشبینی دەکرێت ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی "بەهێزی بارانبارین" هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، لە ئێوارەی چوارشەممەوە کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانبارینە دەردەکەوێت، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی، هەڵەبجە، کەرکووک، بەشێکی سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان.
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، پێشبینی دەکرێت ئاستی بارانبارین لەنێوان 50 بۆ 100 ملیم بێت و، بەهۆیەوە لە زۆر شوێن "کۆبوونەوەی ئاو" دەبێت، هەر بۆیە راپۆرتیان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کردووە، تاوەکو لە ئەگەری دروستبوونی لافاو، رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
هەر بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە هەورە برووسکە دەبێت و پلەی گەرما زیاتر لە 10 پلە دادەبەزێت. دیلان رەشاد دەڵێت، "کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانبارینە تاوەکو دووشەممە 6ـی مانگ بەسەر هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە."
بۆ سبەی سێشەممەش، ئاسمان نیمچە هەور و دواتر بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت لەگەڵ بوونی تۆز و خۆڵێکی کەم لە ناوچەکانی باشووری هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە کاتەکانی دوانیوەڕۆی سبەی تاوە باران و بروسکە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، پاشان زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەی پچڕپچر دەگرێتەوە.
کەشناسی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی پێشبینییەکان سبەی لە کاتەکانی شەو کاریگەری باران لاواز دەبێت، بەڵام بەهۆی ناجێگیریی بەرگە هەوای ناوچەکە بۆ رۆژانی دیکە، دابارینی ناو بەناو بەردەوامی دەبێت.
لەبارەی پلەی گەرما، پێشبینی دەکرێت سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ 2 بۆ 3 پلە نزم ببێتەوە.
رۆژی یەکشەممە 27-04-2024 عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، بە رووداوى راگەیاند، "دووشەممە لە چەند ناوچەیەکى جیاوازى نێوەڕاست و باشوورى عێراق باران دەبارێت و تاوەکو رۆژى پێنجشەممە بەردەوام دەبێت."
بە گوتەى عامر جابرى، رۆژانى سێشەممە و چوارشەممە ئەگەرى بارانى بەلێزمە و مامناوەند هەیە و لە ناوچە سنوورییەکانى رۆژهەڵاتى عێراق ئەگەرى روودانى لافاو هەیە.
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی سێشەممە بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 32 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 30 پلەی سیلیزی
دهۆک: 32 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 32 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 31 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 33 پلەی سیلیزی
سۆران: 28 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 20 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 35 پلەی سیلیزی