بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان نۆ قوتابیی نابیست دبلۆمیان بەدەستهێنا

رووداو دیجتاڵ 

بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەولێر و هەرێمی کوردستان نۆ قوتابیی نابیست بڕوانامەی دبلۆمیان بەدەستهێنا.
 
رۆژی دووشەممە، 29-04-2024، یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی هەولێر بە رووداوی گوت، پێشتر قوتابیانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و بە تایبەتی نابیستەکان دوای پۆلی 9ـی بنەڕەتی نەیاندەتوانی درێژە بە خوێندن بدەن و دەگەڕانەوە ماڵەوە. 
 
پێشتر یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەبارەی بەردەوامیدان بە خوێندنی نابیستەکان لە نێوان وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و پەروەردە هەبووە، بەڵام بە گوتەی بەرپرسەکەی وەزارەتی کار "جێبەجێ نەکراوە." 
 
یوسف چاوشین دەڵێت، دوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەوان درێژە بە خوێندنی ئەو خوێندکارانە درا و توانراوە ئەم ساڵ نۆ قوتابیی نابیست بڕوانامەی دبلۆم بەدەستبهێنن. 
 
ئەو قوتابییانە، سەرجەمیان لە رەگەزی مێن. لە پەیمانگای تەکنیکیی کارگێریی هەولێر بەشی سیستمی زانیارییان تەواوکردووە. 
یوسف چاوشین دەڵێت: "لە داهاتوودا دامەزراندنیش دەیانگرێتەوە." دەشڵێت: "پلان وایە بۆ ساڵانی داهاتووش پاڵپشتی و  هاوکاری ژمارەیەکی دیکەی خاوەنپێداویستی بین بۆ ئەوەی درێژە بە خوێندن بدەن."