لە دەروازەی سنووریی خابوور دەست بەسەر 850 کیلۆ مادەی هۆشبەردا گیرا
رووداو دیجیتاڵ
لە دەروازەی گومرگی خابوور لە سنووری شارۆچکەی سلۆپی، سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، لە کاتی پشکنینی بارهەڵگرێکدا دەست بەسەر 850 کیلۆ مادەی هۆشبەردا گیرا کە بایی نزیکەی دوو ملیۆن و 141 هەزار دۆلارە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئاداری 2024، لەلایەن وەزارەتی بازرگانی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، تیمەکانی بەڕێوبەرایەتی قاچاخ و هەواڵگریی گومرگی خابوور لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەو دەروازەیە دەستیان بەسەر 850 کیلۆ مادەی هۆشبەر لە جۆری هیرۆین دا گرتووە.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی سلۆپی لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
سەرچاوەیەکی تایبەت کە لە دەروازەی خابوور کار دەکات رووداوی گوت، بارهەڵگرەکە "لە عێراقەوە مادەکانی هەڵگرتووە و هێزە ئەمنییەکان رۆژی پێنجشەممە لە گومرگی دەروازەکە دەستیان بەسەردا گرتووە، هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە کرد کە بارهەڵگرەکە تابلۆی تورکیای پێوە بووە."