پارێزگای هەولێر: لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەست بە دروستکردنی شوقەی کرێنشینان دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

پارێزگای هەولێر هۆکاری دواکەوتنی ئەو شوقانەی بڕیاربوو بۆ کرێنشینان دروست بکرێت، بۆ گۆڕینی رەگەزی زەویی پڕۆژەکە دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت لە "ئاییندەیەکی نزیکدا وەبەرھێنەر دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکات." 
 
شەوی چوارشەممە، 29-3-2023، پارێزگای هەولێر لەبارەی دروستکردنی شوقەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان رایگەیاند، لە چوارچێوەی دروستکردنی 20 ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون دوو شوێن بۆ شوقەی کرێنشینان دیاریکراون ئەوانیش ناوچەی گەڕەسۆر لە بنەسلاوە و باغومنارە لە دارەتوو. 
 
پارێزگای هەولێر هۆکاری دواکەوتنی پڕۆژەکە "بۆ گۆڕینی رەگەزی زەویی پڕۆژەکە دەگەڕێنێتەوە" و دەڵێت، ھیچ ھۆکارێکی دیکەی نەبووە. دەشڵێت، "ئێستاش ئامادەکاریی تەواو کراوە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا وەبەرھێنەر دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکات."
 
پارێزگای هەولێر روونیکردووەتەوە، بۆ ئەو فۆرمانەی کە لەلایەن کرێنشینانیش پڕکراوەتەوە لە دیوانی پارێزگای ھەولێر تیرورپشک بۆ ناوی کرێنشینان دەکرێت و دواتر دەست بە پڕۆژەکە دەکرێت.
 
هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرەتا دەبێت ئەو فۆرمانەی کە پێشکێشکراون بۆ سوودمەندبوون لە شوقەکان فلتەر بکرێت و دوای ئەوەش خاڵبەندیی بکرێت، ئینجا تیرۆپشک دەکرێت، چونکە دەمانەوێت ئەو کەسانەی لەو شوقانە سوودمەند دەبن هەژارترینەکان بن و ئەو خێزانانە بن کە بە فیعلی هەژارن و موستەحەقن."
 
بە گوتەی جێگری پارێزگاری هەولێر، جگە لە ئیدارەی سۆران، نزیکەی 59 هەزار کەس لە پارێزگای هەولێر فۆرمی سوودمەندبوونیان لە یەکەی نیشتەجێبوون پڕکردووەتەوە و لە ماوەکانی داهاتوودا دەست بە جیاکردنەوەی فۆرمەکان دەکرێت.
 
رۆژی 31ـی ئایاری 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوون و رێکارەکانی جێبەجێکردن و دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی کرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد، کە لە زووترین کاتدا دەست بە رێکارەکانی دروستکردنی ئەو یەکانە بکرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 2ـی حوزەیرانی 2022، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی، نرخی هەر مەترێکی دووجا لەو یەکانە، کە بۆ خەڵکی کەمدەرامەتە، لە نێوان 250 بۆ 350 دۆلار دەبێت کە ئەوەش بەگوێرەی خزمەتگوزارییەکان دەگۆڕێت. 
 
پشکی هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەو 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە، شەش هەزار و 800 یەکەیە؛ پشکی پارێزگای سلێمانی پێنج هەزار و 200 یەکەیە؛ پشکی دهۆک چوار هەزار و 500 یەکەیە؛ پارێزگای هەڵەبجە 440؛ گەرمیان هەزار و 500 یەکەی نیشتەجێبوونی بەردەکەوێت.