سەرۆکی هۆزی تیلەکۆییەکان: دەنگۆی رووخاندنی دیوەخانەکەمان راست نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی دەنگۆی رووخاندنی دیوەخانی هۆزی تیلەکۆییەکان لە گەرمیان بڵاوبووەوە، سەرۆکی هۆزەکە دەنگۆکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "راست نییە".
 
دەنگۆکە بەو جۆرە بڵاوبووەوە کە گوایە بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان باخێکی فەرهاد رەفعەت، سەرۆکی هۆزی تیلەکۆییەکان کە کردوویەتی بە دیوەخان تێکدەدرێت. 
 
فەرهاد رەفعەت، سەرۆکی هۆزی تیلەکۆییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دیوەخانەکە 12 دۆنمە و بە ناوی خۆمەوەیە و ماڵی خۆمی تێدایە. دیوەخانەکەم بە موڵکی هەموو گەرمیانییەکان دەزانم؛ پاشان موڵکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانە و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی بەکارمان هێناوە. دوو بەربژێرمان هەبووە وەک تیلەکۆییەکان و تێیدا لایەنگرمان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی دەنگ بە یەکێتی بدەن".
 
فەرهاد رەفعەت گوتیشی، "نە بڕیاری دادگە و نە بڕیاری سەرۆکی یەکێتیم بۆ نەهاتووە. خۆم جێبەجێکاری یاسام و هەرچیش دەگوترێت راست نییە. ئەگەر شتێک بە نایاسایی هەبێت، خۆم کلیلی باخەکە رادەست دەکەم". 
 
ئەو شوێنە کە بە دیوەخانی هۆزی تیلەکۆیەکان ناو دەهێنرێت نزیک مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانە و دەکەوێتە نێوان کەلار- رزگاری.