‎لە کەلار دوو کەس بەهۆی پەلاماری سەگەوە برینداربوون

ژمارەیەک سەگی بێ لانە لە شەڵتەرێک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

رووداو دیجیتاڵ

‎درەنگی شەوی رابردوو، دوو کەس بەهۆی پەلاماری سەگی بێلانەوە برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران. 
 
‎رەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمشەو لە گەڕەکەکانی گردەگۆزینە و کەلاری کۆن، سەگی بێلانە پەلاماری منداڵێک و گەنجێکی داوە، بەهۆیەوە هەردووکیان برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون."
 
‎بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار گوتی، دۆخی تەندروستیی هەردوو بریندارەکە جێگیرە و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.
 
چاوەڕوان دەکرێت لایەنە پەیوەندیدارەکان هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلان بکەن، ئەوەش بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانی خەڵک لە شارەکەدا.