کەشناسی: سبەی باران لە بەشێک لە ناوچەکان و بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوای نیوەرۆی سبەی سێشەممە ئەگەری نمەبارانێکی کەم لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە. شارەزایەکی کەشناسیش دەڵێت، 2ـی شوبات پێشبینی بەفربارین لە سەنتەری بەشێک لە شارەکان دەکرێت.
 
رۆژی دووشەممە، 29-01-2024، بەشی کەشناسی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ ئاسمان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو بێت، کەمێک نمەباران لە باکووری پارێزگای دهۆک دەبارێت؛ هەروەها لە ناوچە سنوورییەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستانیش بەفر دەبارێت.
 
لەبارەی پلەی گەرما، کەشناسی دەڵێت، 1 بۆ 2 پلە بەراورد بە دوێنێ نزم دەبێتەوە.
 
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەبارەی کەشوهەوای سبەی سێشەممە، دەڵێت، پێشبینی دەکرێت ئاسمان هەوری تەواو بێت و لەکاتەکانی دوای نیوەرۆیشدا ئەگەری نمەبارانێکی کەم هەیە بۆ زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بەفر لە ناوچە شاخاوییەکانیش دەبارێت.
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو سبەی کەشوهەوا ناسەقامگیرییەکی لاوازی پێوەدیارە، بەڵام لە 31ـی ئەم مانگەوە بارانبارینێکی مامناوەندی پچڕ پچڕ و هەندێک کات بارانبارینێکی زۆر لە سنووری پارێزگای هەولێر دەبارێت؛ شەپۆلەکە لە ئێوارەی 1ـی شوباتەوە کاریگەری لەسەر تەواوی پارێزگاکانی سلێمانی، کەرکووک و ئیدارەی گەرمیانیش دەبێت."
 
بە گوتەی ئەو شارەزایەی کەشناسی، ئەو بارانبارینە تاوەکو 5ـی شوبات بەردەوام دەبێت و 2 و 4ـی شوبات کاریگەری بارانبارینەکە زیاتر دەبێت بەسەر سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان. هاوکات لە 2ـی شوبات پێشبینی بەفربارین لە سەنتەری بەشێک لە شارەکان دەکرێت، بەتایبەتی سلێمانی، هەڵەبجە، پێنجوێن. 
 
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەمشێوەیە:
 
هەولێر: 12 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 10  پلەى سیلیزى
دهۆک: 9 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 14 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 11  پلەى سیلیزى
زاخۆ: 9 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 14 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: -1پلەى سیلیزى
سۆران: 7 پلەى سیلیزى