چیرۆکی راز کەم وێنەیە؛ بە نامەیەکی ئینستاگرام بۆی دەردەکەوێت کچی ئەو ماڵە نییە کە لێی گەورە بووە

رووداو دیجیتاڵ 
 
چیرۆکی ژیانی کچێکتان بۆ باسدەکەم کە ناوی خوازراوی لەم راپۆرتەدا راز دەبێت، ژیانێک کە تا 5 ساڵ پێش ئێستا بەلایەوە تەواو ئاسایی بوو، کەچی درکاندنی رازێک بە نامەیەک لە ئینستاگرام لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە، ژیانی تەواو سەرەوژێر کرد.
 
بەپێی نامەکە، راز هەڵگیراوەیە و کچی ئەو ماڵە نییە کە لێی گەورە بووە؛ راز لەم 5 ساڵە دەرگا نەماوە لێینەدات و رێگە نەماوە تاقی بکاتەوە تا بگات بە راستییەکان، بەڵام ئەو چیرۆکەی دایکە بەخێوکەرەکەی و کەسوکارەکەی بۆی باسکردوون لای ئەو گوماناوییە و باوەڕی پێناکات.
 
راز چیرۆکی خۆی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "گوتیان ساڵی 2000 لە نەخۆشخانەی لە دایکبوونی هەولێر دایکم خۆی نا ئامۆزاکەی رێی کەوتووەتە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و لەوێ بووە کە هاتووەتە دەرەوە لای دەرگەی نەخۆشخانەی لەدایکبوون، نازانم رێک دەرگای نەخۆشخانەی لەدایکبوون بووە یان باخچەکەی چونکە دوو شتیان بە من گووتوە، ناو باخچەکەی نەخۆشخانەی لەدایکبوون یان لای دەرگاکەی گوتووە کە گوایە باوکی راستەقینەم قسەی کردووە و گوتوویەتی ئەمە کچە و من شەش کچی دیکەم هەیە و ئەمەم ناوێت و ئەگەر ژنەکەم بێتە ماڵەوە دەیکوژم."
 
راز پێیگوتراوە لە ساڵی 2000 کە تەمەنی تەنیا یەک رۆژ بووە لەلایەن ژنێک هەڵگیراوەتەوە کە ئامۆزای ئەو دایکەی بووە کە بەخێوی کردووە، بۆیە رووداو بڕیاریدا سەردانی ماڵی ئامۆزاکەی دایکی بکات. 
 
ئامۆزای دایکی بەخێوکەری راز بەمشێوەیە چیرۆکەکەی بۆ رووداو گێڕایەوە: "هاتینە دەرەوە، لە نەخۆشخانە کارمان تەواو بوو، لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون باران نم نم دەباری، هاتینە دەرەوە بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە ماڵەوە، کچەکەم لەگەڵم بوو، بینیم پێنج شەش ژن لەگەڵ پیاوێک بوون؛ کاتێک منداڵی بوو، ژنەکەیان هێنایە دەرەوە مشتوومڕیان بوو و دەیانویست منداڵەکە فرێبدەنە بن دیوارێک، هەر لەبەردەم نەخۆشخانەکە کە هاتینە دەرەوە، نە پاسەوان و نە هیچ کەسی دیکەی لێنەبوو، وەڵڵا بینیم مشتوومڕیان بوو لەسەر منداڵەکە دەیانویست فرێی بدەنە سەر زەوییەکە، نەمزانی بەڕاستی، ئێستاش باش بیرم نایەت ژنێک بوو، دەموچاویشیم ئێستا بەباشی بەبیرنایەتەوە، من لەپێناو خودا منداڵەکەیانم لێوەرگرتن و پێمگوتن لێرەوە ناوی ئەو منداڵەم لەلا نەهێنن، گوتم نە دەمناسن و نە دەتانناسم، نە من هیچ ناو و شتم لە ئەوان پرسی نە ئەوانیش هیچیان لە من پرسی."
 
ئەو دایکەی کە رازی هاوشانی چوار کوڕ و دوو کچی خۆی بەخێوکردووە؛ کاتێک ئەو چیرۆکی وەرگرتنی رازی بۆ باسکردم، تێبینیی قسەیەکی جیاوازم کرد لەگەڵ قسەکانی ئامۆزاکەی، ئامۆزای ئەم ژنە دەیگوت ئەو رۆژەی رازیان هەڵگرتووەتەوە دایکە بەخێوکەرەکەی راز بە میوانی چووە بۆ ماڵیان و منداڵەکەی بینیوە و گوتوویەتی من دەیبەم بەخێوی دەکەم، بەڵام دایکی راز بە جیاوازتر باسی دەکات.
 
دایکی بەخێوکەری راز دەڵێت، "جەژنی قوربان بوو و کاژێر 10:00 بۆ 11:00ی بەیانی بوو؛ ئامۆزاکەم خۆی و پیاوەکەی کە ئێستا کۆچی دوایی کردووە هاتن بۆ ماڵمان و ئیتر دانیشتن و گوتی وەڵا دوێنێ رۆژی عەرەفە چوومەتە نەخۆشخانە، منداڵێکیان فڕێدابوو، گوتی تۆ چوار کوڕت هەیە و حەزت لە کچە دەتەوێ بتدەمێ، لەگەڵ خۆیان رۆیشتین بەخۆشی، زۆر دڵخۆشبووین، چووین بۆ ماڵیان، ئیتر بە هەر جۆرێک بوو منداڵەکەی پێماندا و ئێمەش هێنامان، بە ئێمەی گوت لە باخچەی نەخۆشخانەکە هەڵیگرتووەتەوە و لەوێ فڕێدرابوو."
 
بەهۆی ئەوەی ناوی دایک و باوکی راستەقینەی راز نازاندرێ، هیچ سەرەداوێک لەنێو فایلەکانی نێو نەخۆشخانەی لەدایکبوونیش دەرنەکەوت، راز ئێستا ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و دایکی کچ و کوڕێکە.
 
هاوژینی راز دەڵێت: "هەستدەکەم زۆر بەباشی دایکایەتی دەکات و بگرە باوکایەتیشیان بۆ دەکات و زۆر جار دادەنیشێ و بە تەنیا دەگری."
 
راز دەڵێت، کاتی خۆی ناسنامەی بە 'بەیان ویلادەی' ساختە بۆ دەرهێنراوە، و بەپێی ناسنامەکەی لە دایکبووی 6-1-2000ـە، لە کاتێکدا دایکی بەخێوکەری دەڵێت، یەکەم رۆژی جەژنی قوربان رازیان لە ئامۆزاکەی وەرگرتووە کە بەپێی رۆژژمێر 16-3ی ساڵی 2000 یەکەم رۆژی جەژنی قوربان بووە.
 
راستیی ژیانی راز هەر شتێک بێت وەک گرێیەکی لێهاتووە لە دڵی راز و تەنیا قوربانیی پرسیارە بێ وەڵامەکانیش رازە.