شاخەوان رەئووف: داوامان لە پەرلەمانی عێراق کرد دەروازەی سنووری سازان بکرێتە فەرمی


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکى لیژنەى ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکانى پەرلەمانى کوردستان دەڵێت، "داوامان لە پەرلەمانی عێراق کردووە جەخت لە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران رێکارە ئیدارییەکانی بگرێتەبەر و دەروازەی سنووریی سازانیش وەکو شوشمێ و تەوێڵە بکرێتە دەروازەیەکی فەرمی." 
 
رۆژی یەکشەممە 29-01-2023، شاخەوان رەئووف، سەرۆکى لیژنەى ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکانى پەرلەمانى کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەڵەبجە باسی لە سەردانی لیژنەکەیان بۆ بەغدا کرد. 
 
شاخەوان رەئووف رایگەیاند، ''لەو سەردانەدا لەگەڵ پەرلەمانی عێراق ئەوەمان باسکردووە کە ئێوە لە بەهاری ساڵی 2021دا بە زۆرینەی دەنگ ئەنجوومەنی وەزیرانتان راسپاردووە کە رێکارە ئیدارییەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بگیرێتە بەر، بەڵام تائێستا بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەرنەکراوە." 
 
هەفتەیەک لەمەوپێش، شاندێکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایشی پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاخەوان رەئووف بۆ گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێک سەردانی بەغدایان کرد کە دیارترینیان بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، بۆشاییە ئەمنییەکانیی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکان بوو.
 
شاخەوان رەئووف لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە گوتی: ''لەم سەردانەدا، باسمان لەوە کردووە کە گرنگە پەرلەمانی عێراق نووسراوی جەختکردنەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکات بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە دەرکردنی بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەستوبرد بکات." 
 
هەڵەبجە نۆ ساڵە چاوەڕوانی ئەوەیە ببێتە پارێزگای ژمارە 19ـی عێراق. لە کاتێکدا ساڵی 2014ەوە چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستانە.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ژمارە 54 لە 31-12-2013 بڕیاری ژمارە 568ـی تایبەت بە دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجەی دەرکرد. 
 
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەیدا، کارێکی زۆر لە هەندێک پارێزگای عێراق کراوە کە بە نیوەی پارێزگای هەڵەبجەش قوربانی نەداوە. گوتیشی، ''داوامان کردووە کە دەروازەی سنووریی سازان لە هەڵەبجە بکرێت بە دەروازەیەکی فەرمی بۆ ئەوەی لانیکەم لە رووی ئابوورییەوە کراوەییەک بە پارێزگای هەڵەبجە ببەخشێت.''
 
شاخەوان رەئووف دەڵێت: ''لیژنەی بەرگری و ئاسایش لە پەرلەمانی عێراق داواکارییەکانی ئێمەیان بەلاوە گرنگ بوو و بەڵێنی ئەوەیان دا، نووسراوی جەختکردنەوە بنێرن بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی دەستوبرد بکرێت لە تێپەڕکردنی رێکارە ئیدارییەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و بەڵێنیشمان وەرگرتووە کە کار بۆ دەروازەی سنووریی سازان بکرێت.''
 
سەرۆکى لیژنەى ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رێککەوتوون کە سکرتاریەتێکی هاوبەش لەبارەی پرسی سەروەریی سنوورەکان لەنێوان پەرلەمانی کوردستان و عێراقدا دروست بکرێت. گوتیشی، ''ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە زیادکردنی هێزەکانی پاسەوان سنووری ناوچە سنوورییەکانی هەڵەبجە و هەورامانە و باسمان لەوەش کردووە ئەو رێژەیە لە پاسەوانانی سنوور کە دیاری دەکرێت دەبێت لە دانیشتووانی پارێزگایەکە بێت." 
 
لە سەردانی شاندەکەی پەرلەمانی کوردستاندا بۆ بەغدا لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆبوونەوە. شاخەوان رەئووف باسی لەوە کرد، سەرۆککۆماری عێراق ''بەڵێنی داوە وەکو چۆن لە رابردوودا کار بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کراوە، پێداگری بکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران قسە بکرێتەوە و رێکارە ئیدارییەکان بۆ ئەم مەبەستە بگرنەبەر.''
 
لە نێوان پارێزگای هەڵەبجە و پارێزگای کرماشانی ئێراندا سێ یاداشتی لێکتێگەیشتن هەن کە لە هەرسێکیاندا جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەروازەی سازان بۆ هەردوولا گرنگە.
 
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەڵەبجە لە ساڵی 2021دا گوتی: "ئێران بۆ کردنەوەی دەروازەی سازان رەزامەندن و پێیان خۆشە، هەروەها کۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی زۆر هاوئاهەنگمانە و هەمیشە لەسەر هێڵە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی نافەرمی لارینەبوونی بۆ کردنەوەی دەروازەکە پێشان داوە. گرنگترینیان ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە کە ئەوانیش کۆمەڵێک رێوشوێنیان گرتووەتەبەر، ئەوان دەیانەوێت بەپێی یاسای ساڵی 2019 دەروازەکە راستەوخۆ پەیوەست بێت بە حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ ئەوەی کاروبارەکانی روون بێت، ئەوان ئەگەر ئەم رەزامەندییە بدەن تەنیا لەبەر خەڵکی هەڵەبجەیە بۆیە دەیانەوێت ئەو کێشانەی لە دەروازەکانی دیکەدا هەیە لێرە نەبێت.''