فڕۆکەی تورکیا سنووری قەزای ئامێدی بۆردوومان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای ئامێدی رایگەیاند، فڕۆکەکانی تورکیا بەیانیی ئەمڕۆ چەند جارێک دەوروبەری گوندی سگێرێیان لە بناری چیای مەتین لە سنووری قەزای ئامێدی بۆردوومانکرد.
ئەمڕۆ شەممە 29-01-2022 وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هیچ هاونیشتمانییەک بەهۆی بۆردوومانەکانەوە زیانی بەرنەکەوتووە.
وارشین سەلمان گوتیشی، "لەم هەفتەیەدا ئەوە دووەمین جارە فڕۆکەکانی تورکیا ئەو ناوچانە بۆردوومان دەکەن."
لەبارەی زیانەکانی ئەو بۆردوومانانەشەوە، قایمقامی ئامێدی باسی لەوە کرد، بۆردوومانەکان دەوروبەری گوندەکانی گرتووەتەوە، لەبەر ئەوە هیچ خەڵکێکی سڤیل زیانیان بەرنەکەوتووە، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێی لای خەڵکی ناوچەکە دروستکردووە.
سالار بەلاڤەیی، دانیشتووی گوندی بەلاڤەیە لە سنووری ئامێدی و بە رووداوی گوت، "کاژێر 12:40 فڕۆکەکانی تورکیا بەسەختی بۆردوومانی ناوچەی سگێرێی لە بناری چیای مەتین کرد، چوارجار دەنگی بۆردوومانەکە بیستراوە."