لایەنی پەیوەندیدار: لە دەشتەکانی هەولێر و دهۆک پەڵەی نەداوە

رووداو دیجیتاڵ

بڕی بارانی باریو لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە هەمان ماوەی پار کەمترە، بەڵام لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاترە. بەڕێوەبەری بەشی کەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا لە دەشتی هەولێر پەڵەی نەداوە.
 
ئەمڕۆ (شەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2024) د. شاخەوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری بەشی کەشناسیی کشتوکاڵی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بارانی ئەم ساڵی سنووری هەولێر تاوەکو ئێستا بەگوێرەی ئەو پێوەرانە نەبووە کە بۆ پەڵەدان هەن، بۆیە دەکرێت بڵێین تاوەکو ئێستا لە دەشتی هەولێر پەڵەی نەداوە."
 
د. شاخەوان حەمەسەعید دەڵێت: "ئەو جووتیارانەی تاوەکو ئێستا گەنمیان نەچاندووە، تاوەکو نێوەڕاستی مانگی یەک دەتوانن گەنم بچێنن. ئەوانەشی چاندوویانە، دەبێت چاوەڕێی بارانە زستانەییەکان بکەن."
 
هاوکات محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت "ئەم شەپۆلە بارانبارینە ئەمڕۆ کۆتایی دێت و ئەمەش دوایین شەپۆلی بارانبارینی ئەم ساڵی هەرێمی کوردستان دەبێت."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەشی کەشناسیی کشتوکاڵی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، بارانبارین لە پارێزگای هەولێر بەراورد بە پار بەم شێوەیە بووە:
 
سنووری شاری هەولێر
ئەم ساڵ 45.7 میلیمەتر
پار 159 میلیمەتر
 
قوشتەپە
ئەم ساڵ 49.7 میلیمەتر
پار 226.6 میلیمەتر

دیبەگە
ئەم ساڵ 40.3 میلیمەتر
پار 123.5 میلیمەتر
 
شەمامک
ئەم ساڵ 42.1 میلیمەتر
پار 179.6 میلیمەتر
 
شەقڵاوە
ئەم ساڵ 97 میلیمەتر
پار 401.2 میلیمەتر
 
بەستۆرە
ئەم ساڵ 53.9 میلیمەتر
پار 223.1 میلیمەتر
 
کۆیە
ئەم ساڵ 62.7 میلیمەتر
پار 263.3 میلیمەتر
 
تەقتەق
ئەم ساڵ 60.8 میلیمەتر
پار 186.8 میلیمەتر
 
خەبات
ئەم ساڵ 64 میلیمەتر
پار 112.2 میلیمەتر
 
هەریر
ئەم ساڵ 96.7 میلیمەتر
پار 274 میلیمەتر
 
هەر ئەمڕۆ، موسلیح حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە رووداوی راگەیاند "لە بەشی هەرە زۆری دەشتاییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک، پەڵەی نەداوە و باران لە زۆربەی ناوچەکانی دهۆک بەراورد بە پار 70٪ کەمتر باریوە."
 
لە سنووری شاری دهۆک، ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا 33.9 میلیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا پار 210.2 میلیمەتر باری بوو.

 

بارانبارین لە شوێنەکانی دیکەی پارێزگای دهۆکیش بەم شێوەیە بووە: 
 
سێمێل
ئەم ساڵ 60 میلیمەتر
پار 235.2 میلیمەتر
 
ماڵتا
ئەم ساڵ 33.2 میلیمەتر
پار 176.2 میلیمەتر
 
فایدە
ئەم ساڵ 42.7 میلیمەتر
پار 165.5 میلیمەتر
 
کانی ماسی
ئەم ساڵ 222 میلیمەتر
پار 570 میلیمەتر
 
شێخان
ئەم ساڵ 66 میلیمەتر
پار 232 میلیمەتر
 
باعەدرێ
ئەم ساڵ 68 میلیمەتر
پار 263 میلیمەتر

ئەلقووش
ئەم ساڵ 41 میلیمەتر
پار 195.5 میلیمەتر
 
چەمانکێ
ئەم ساڵ 125 میلیمەتر
پار 521 میلیمەتر
 
سەرسنگ
ئەم ساڵ 145 میلیمەتر
پار 539 میلیمەتر

بامەڕنێ
ئەم ساڵ 147.5 میلیمەتر
پار 460 میلیمەتر

ئامێدی
ئەم ساڵ 195 میلیمەتر
پار 495 میلیمەتر

قەسرۆک
ئەم ساڵ 48.9 میلیمەتر
پار 339.8 میلیمەتر

بەردەڕەش
ئەم ساڵ 71.7 میلیمەتر
پار 159.8 میلیمەتر

ئاکرێ
ئەم ساڵ 66.4 میلیمەتر
پار 331.4 میلیمەتر
 
دینارتە
ئەم ساڵ 135.2 میلیمەتر
پار 653.6 میلیمەتر
 
شیلادزێ
ئەم ساڵ 184 میلیمەتر
پار 646 میلیمەتر
 
لە سنووری شاری سلێمانی، ئەم ساڵ 183 میلیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا پار تاوەکو ئەم کاتە 147 میلیمەتر باری بوو. لە هەڵەبجەش ئەم ساڵ 241.4 میلیمەتر باریوە، ساڵی رابردوو تا ئەم کاتە 213.6 باری بوو.
 
هێڤی ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری بەشی پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی بە رووداوی گوت، "لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە بارانی زۆر باش باریوە و هیچ شوێنێک نەماوە لەو دوو سنوورە کە پەڵەی نەدابێت."

چ کاتێک پەڵە دەدات؟
 
جووتیاران پەڵەدانیان بەو شێوەیە دیاریکردووە کە هێندە باران ببارێت، لەکاتی کێڵانی زەویدا بە قووڵایی ئەو شوێنەی دەمی گاسنی پێدەگات و هەڵدەگێڕدرێتەوە، خاکەکە تەڕ بێت.
 
بەشێوە زانستییەکەشی واتە "خاکەکە بەهۆی بارانبارینەوە بە قووڵایی 20 بۆ 30 سانتیمەتر تەڕبووبێت". 
 
مەرج نییە بارانی بەلێزمەی لەناکاو ببێتە هۆی پەڵەدان، چونکە دەکرێت نەڕواتە نێو خاک و تەنیا لەسەر زەوی بمێنێتەوە یان بڕوات.