هەفتەی داهاتوو بزووتنەوەی گۆڕان ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی هەڵدەبژێرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ خۆبەربژێرکردن بۆ ئەندامی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بڕیارە شەممەی داهاتوو جڤاتی گشتیی بزووتنەوەکە بۆ دیاریکردنی ئەندامانی خانەکە و رێکخەری گشتی کۆببێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-12-2023، دوایین وادەیە بۆ پڕکردنەوەی فۆرم بۆ ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان. بڕیاربوو رۆژی 25ـی مانگ دوایین وادە بێت، بەڵام بۆ کاژێر 4:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ درێژکرایەوە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە تەنیا هۆشیار عەلی، رێكخەری ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی بزووتنەوەکە و نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان خۆیان بۆ پۆستی رێکخەر بەربژێر کردووە.
بڕیارە رۆژی شەممە 30-12-2023 جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ دیاریکردنی ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەکە و رێکخەری گشتیی کۆببێتەوە.
رۆژی سێشەممە، 12ـی ئەم مانگە، بزووتنەوەی گۆڕان دەرگای خۆبەربژێرکردنی بۆ ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە کردەوە، کە بڕیاربوو شەش رۆژ بەردەوام بێت، بەڵام دواتر بۆ ئەمڕۆ درێژکرایەوە.
ئەندامانی خانەکە پێکدێن لە رێکخەری گشتی، سکرتێری کاروباری جڤاتی نیشتمانی، سکرتێری کاروباری فراکسیۆنەکان، سکرتێری کاروباری ژوورەکان، سکرتێری کاروباری باژێڕەکان، سکرتێری کاروباری خەڵک، سەرۆکی جڤاتی نیشتمانی، رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، کە دوو ساڵ جارێک هەڵدەبژێردرێن، بۆشیان هەیە بۆ سێ خولی هەڵبژاردن خۆیان هەڵبژێرن.
رۆژی چوارشەممە، 13-10-2021 رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان لەکارکێشایەوە و خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەکەش رایگەیاند، لە نزیکترین کاتدا دەستەیەک بۆ بەڕێوەبردن هەڵدەبژێرن.