بەڕێوەبەری ناحیەی قۆرەتوو: بەرهەمهێنان لە کێڵگەی نەوتی چیاسورخ راگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی قۆرەتوو لە گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی هەندێک کێشەوە بەرهەمهێنان لە کێڵگەی نەوتی چیاسورخ راگیراوە و کارمەندانی کێڵگەکە دوورخراونەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 28-12-2023 سەردار محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قۆرەتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەرهەمهێنان لە کێڵگەی نەوتی چیاسورخ راگیراوە و کۆمپانیاکە بەشێک لە کارمەندەکانی ئاگادار کردووەتەوە، کە گرێبەستەکانیان نوێ ناکاتەوە."
بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی قۆرەتوو، گرێبەستی کارمەندانی بەشی بەرهەمهێنان ساڵی نوێ کۆتایی دێت و بڕیار بووە بۆیان نوێ بکرێتەوە، بەڵام دواجار ئاگادارکراونەتەوە کە گرێبەستیان لەگەڵ نوێ ناکەنەوە.
سەردار محەممەد دەڵێت، "ماوەیەکە ئاو تێکەڵی بیرە نەوتەکانی کێڵگەکە بووە، ئەوەش وایکردووە بەرهەمهێنان کەم ببێتەوە و کۆمپانیا چاوەڕوان بووە ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت، بەڵام دوای ئەوەی چارەسەر نەکراوە کارمەندەکانی بەشی بەرهەمهێنان کە 27 کەسن بەڕێکراون."
بەپێی زانیارییەکان لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا کۆمپانیاکە بۆ ئەوەی بتوانێت نەوتەکەی ھەناردە بکات، نەوتی خاوی کڕیوە و تێکەڵی بەرهەمی کێڵگەکەی کردووە، بەڵام دیارە ئەو رێگەیەش سەرکەوتوو نەبووە، ھەربۆیە بەرھەمھێنانی راگرتووە.
کێڵگەی نەوتی چیاسورخ لە سنوورى ناحیهى قۆرهتوی ئیدارەی گەرمیانە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیایەکی تورکی بە ناوی پێت ئۆیڵ لە ساڵی 2003ـەوە کاری تێدا دەکات و بەرهەمی رۆژانەی 1500 بۆ 2000 بەرمیل نەوت کەمبووەتەوە، ئەو کێڵگەیە هەریەکە لە کۆمپانیای پێت ئۆیڵ (60٪)، جەنهڵ ئینێرجى (20٪) و حكومهتى ههرێمی کوردستان (20٪) پشکی کێڵگەکەیان هەیە.