بەرپرسێکی ئێران: پردی دەریاچەی ورمێ رۆڵی گرنگی لە وشکبوونیدا هەبوو


رووداو دیجیتاڵ

14 ساڵ دوای تەواوبوونی پردی پەڕینەوە بەسەر دەریاچەی ورمێدا، ئاژانسی فەرمیی حکومەتی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە قسەکانی حوسێن دەلیریان، گوتەبێژی رێکخراوی بۆشایی ئاسمانی ئێرانی لەبارەی کاریگەریی دروستکردنی پرد لەسەر وشکبوونی دەریاچەی ورمێی بڵاوکردەوە کە دەڵێت، ئەو پردە رۆڵێکی گەورەی لە وشکبوونی دەریاچەکەدا هەبووە.
 
بە گوتەی دەلیریان، ئەو کەلوپەلانەی بۆ دروستکردنی پردەکە بردراونەتە نێو دەریاچەی ورمێ و هەروەها تێکچوونی سووڕانەوەی ئاو لەنێوان نیوەی باکوور و باشووری دەریاچەکە، کاریگەریی گەورەیان لەسەر وشکبوونی دەریاچەکەدا هەبووە.
 
پردی پەڕینەوە بەسەر دەریاچەی ورمێ ساڵی 2008 لە کابینەی مەحموود ئەحمەدی نەژاد تەواو کرا. ئەو پردە هەزار و 709 مەتر درێژە و هەزار و 276 مەتری لەسەر دەریاچەکە لێدراوە. ئامانج لە دروستکردنی پردەکە نزیککردنەوەی هاتووچۆی زەوینیی نێوان پارێزگاکانی ورمێ و تەورێز بوو.
 
پێش دروستکردنی پردەکە، ژمارەیەکی زۆر لە شارەزایانی سەرچاوەکانی ئاو و ژینگە لەبارەی کاریگەریی نەرێنیی دروستکردنی ئەو پردە هۆشدارییان بە حکومەت دا، بەڵام هۆشدارییەکەیان لەبەرچاو نەگیرا.
 
بەپێی راپۆرتی کۆمپانیای ئاوی پارێزگای ورمێ، ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ ئەمساڵ بەراورد بە پار 46 سانتیمەتر دابەزیوە.