رزگاربوویەکی بەلەمەکەی ئیجە: بەهۆی هەڵەی قاچاخچییەکە هاوژین و منداڵەکەم خنکان
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە یۆنان، ژنێکی کورد و منداڵەکەی خنکان. هاوژینی ژنە خنکاوەکە کە خۆیشی سەرنشینی بەلەمەکە بووە بە رووداوی گوت: "بەهۆی هەڵەی قاچاخچییەکە هاوژین و منداڵەکەم خنکان."
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2024)، کاوێز سەعدوڵڵا، خەڵکی قەزای چەمچەماڵ؛ کە یەکێک بووە لە سەرنشینەکانی بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکەی دەریای ئیجە و هاوژینی ژنە خنکاوەکەیە بە رووداوی راگەیاند: "دوێنێ نزیکەی کاژێر 23:00 بەکاتی یۆنان کە دەکاتە 00:00 بەکاتی هەولێر، بەلەمەکەمان بە 32 سەرنشینەوە لە شاری ئیزمیری تورکیا بەرەو دوورگەی سامۆسی یۆنان بەڕێکەوت."
دەشڵێت: "لە نێوەڕاستی رێگاکە بووین هێزی دەریاوانی یۆنان بەدوامان کەوت و چەند جارێک شۆفێری بەلەمەکەیان ئاگادارکردەوە راوەستێت؛ بەڵام رانەوەستا و بەخێراییەکی زۆر کاژێر 01:30 بەکاتی یۆنان؛ 02:30 خولەک بەکاتی هەولێر، خۆی بە شاخێکی لە دوورگەیەکی نێو ئیجەدا کێشا."
کاوێز سەعدوڵڵا هەروەها گوتی، "دوای ئەوەی خۆی بە شاخەکەدا کێشا، بەلەمەکە سەرەوژێر بوو و هەرچی سەرنشین هەبوو کەوتنە نێو ئاوەکە، بەهۆیەوە هاوژینەکەم کە ناوی نایلە موستەفایە لەگەڵ منداڵەکەم بەناوی نوور کە تەمەنی 9 مانگە، خنکان."
بە گوتەی ئەو شایەتحاڵە، "بەلەمەکە توانای هەڵگرتنی 17 کەسی هەیە؛ بەڵام ئەو قاچاخچییە 32 کەسی هەڵگرتبوو، لەنێو سەرنشینەکانیش خۆم و هاوژین و منداڵەکەم، لەگەڵ دوو گەنجی دیکە کورد بووین، ئەوانی دیکە سەرجەمیان ئەفغانی بوون، کە جگە لە خێزانەکەی من دوو ئەفغانی دیکەش خنکان."
قاچاخچییەکە دەستگیرکراوە و سەرنشینەکانیش لە بنکەیەکی پۆلیس لە یۆناندان. کاوێز سەعدوڵڵا دەڵێت، "لە پەیوەندیداین لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆئەوەی تەرمەکان بگەڕێنینەوە."